یەكێتی: دەمانەوێ‌ لەگەڵ پارتی بچینە بەغدا

:: PM:08:44:18/10/2018 ‌
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای گەیاند، دەمانەوێ‌ لەگەڵ پارتی پێكەوە بچینە بەغدا لە پێناو ئەوەی دەسكەوتی زیاتر بۆ كورد بەدەست بێنێن.

مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەركرایەتی یەكێتی نیشتمانی كورستان بە "وشە"ی راگەیاند، پێویست بوو دوای ئەو كێشانەی لە كاتی هەڵبژاردن و چەند رۆژی رابردوو روویدا هەموو حزبەكان گفتوگۆ بكەین بە تایبەت پارتی و یەكێتی.

زیاتر گوتی، پێویستە ریزەكانی ناوخۆی كوردستان رێك بخرێنەوە، چونكە هاووڵاتییان بێزاربوون لەوەی لایەنەكان پەرتەوازە بن.

بەرپرسەكەی یەكێتی ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، یەكێتی دەیەوێت لەگەڵ پارتی پێكەوە بچنە بەغدا و بە یەك تیم بەشداری گفتوگۆ بكەین لەگەڵ عێراق بۆ ئەوەی دەسكەوتی زیاتر بۆ كورد مسۆگەر بكەین.

ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی یەكێتی لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەو حزبە تاك لایەنانە بڕیاری كاندیدكردنی بەرهەم ساڵحی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دا و ئەوەیش ناكۆكیی نێوان پارتی و یەكێتی زیاتر كرد.

هاوكات لە چەند ڕۆژی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەوێ‌ گفتوگۆی لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ كرد، كوتلە گەورەكانی بەغدا داوایان لە پارتی كردووە بەشداری حكوومەتی نوێی عێراق بكات.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم