ناکۆکی نێوان دوو برا دروستبوونی کۆمپانیاکانی ئەدیداس و پوما لێ کەوتەوە

:: PM:09:05:18/10/2018 ‌

لە ساڵی 1949 دوای تێکچوونی پێوەندی نێوان هەردوو برا ئەدۆڵف و ڕودۆلف، ئەدۆڵف کۆمپانیای ئەدیداس و ڕودۆڵف کۆمپانیای پوما دادەمەزرێنن بەمەش ڕکابەری نێوان ئەو دوو کۆمپانییایە دەست پێ دەکات و تا ئەمڕۆش بەردەوامی دەبێت.

لە ساڵانی 1918 بۆ 1920 دوو براکە هاوکار و هاوپیشەی یەکتربوون لە کۆمپانیای "پێڵاوی وەرزشی برایانی داسلەر" و کاریان دەست پێکرد لە ئاشپەزخانە و ژووری جل شتنی دایکیانەوە لە شارۆچکەی "هێرتسۆگنۆغاغی" ئەڵمانیا.

ناکۆکی و بارگرژی نێوان دوو براکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێکی سەردەمی نازییەکانی ئەڵمانیا، کاتێک ئەدۆڵف و هاوسەرەکی دەچنە پەناگەیەک بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی هێزی هاوپەیمانان لە دژی نازییەکانی ئەو سەردەمە، ڕودۆڵفی برای و هاسەرەکەی پێشتر لەوێدا بوون و ڕودۆڵف گوتوویەتی، "هەمدیسان بیژییە پیسەکان هاتنەوە" هەرچەنە ڕودۆڵف مەبەستی لە هێزە هاوپەمانەکان بووە، بەڵام ئەدۆڵف وا تێ دەگات ئاڕاستەی قسەکەی لە خۆی و هاوسەرەکەی بووبێت.

کاتێک ڕودۆڵف بۆ خزمەتی سەربازی بانگ کرا، گومانی لەوە دەکرد کە پیلانی ئەدۆڵف و هاسەرەکەی بوو بێت تا ڕودۆڵف دووربخەنەوە و خۆیان کارەکانی کۆمپانیاکە جێبەجێ بکەن، دواتریش کاتێک ڕودوڵف دەستبەسەر کرا لەلایەن هێزە هاوپەیمانەکانەوە بەهۆی بەجێهێشتنی ئەرکەکەی، ئەمدیسان گومانی لە براکەی کرد کە شکاتی لێ کردبێت.

ناکۆکی نێوان دوو براکە بووە هۆی جیاکردنەوەی کۆمپانیاکە بەسەر دوو بەشدا لە ساڵی 1948، ئەدۆڵف ناوی کۆمپانیاکەی خۆی نا "ئەدیداس" کە وەرگیراوە لە بڕگەی یەکەمی ناوی خۆی و باوکی واتا "ئەدی" لەگەڵ "داس"، ڕودۆڵفیش ویستی بۆ ناوی کۆمپانیاکەی هەمان شت جێ بەجێ بکات و ناوی نا "ڕودی" بەڵام دواتر بۆی دەرکەوت "پوما" ناوێکی باشترە و زیاتر خوێندنەوەکەی لە پاڵەوانێتییە وەرزشییەکانەوە نزیکە.

وشە/ محەمەد شابان


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان