له كاتێكدا به‌پێى ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌توانێ بێ یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان حكوومه‌تى زۆرینه پێكبهێنێت، به‌ڵام ریسكی دوو ئیداره‌یی و بڕیار به‌ربه‌ستن. چاودێرانیش ده‌ڵێن له رووی تیۆری و كورسییه‌وه مافی پارتییه، به‌ڵام دۆخه‌كه شتێكی تره، به‌ڵام پارتى به قه‌باره‌ى كورسی پۆست ده‌دات به یه‌كێتى.
پێش هه‌ڵبژاردن و دواى هه‌ڵبژاردنیش، پارتى دیمو‌كراتى كوردستان گوتاری به‌ره‌و پێكهێنانى حكوومه‌تى زۆرینه بووه، دواى پرۆسه‌ى ده‌نگدانیش له‌سه‌ر سه‌رۆك كۆماری عێراق كه به‌لای پارتییه‌وه تێكدانی هاوبه‌شی بووه له‌نێوان پارتى و یه‌كێتى، قسه له‌سه‌ر كۆتاهاتنى سه‌رده‌می هاوبه‌شی له پێكهێنانى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به جۆرێك هه‌ر هێزێك به قه‌باره‌ى خۆی به‌شداری له كابینه‌ى داهاتووی حكوومه‌ت ده‌كات.
ئه‌و گوتاره‌ى پارتى له كاتێكدایه هێشتا هه‌رێمی كوردستان له خواره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان، له ئاستى فه‌رمانگه‌كاندا دوو ئیداره‌یی ره‌گی داكوتاوه و شۆڕ بووه‌ته‌وه بۆ بچووكترین لێپرسراویه‌تى و پۆست له یه‌كه كارگێڕییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌ن.
خاڵی هه‌ره گرنگ كه به‌لای شاره‌زایان و چاودێران رێگر بووه له نه‌توانه‌وه‌ى بازگه‌كانى دێگه‌ڵه له‌نێوان هه‌ردوو ئیداره‌كه، بوونى هێزی چه‌كدار و بودجه بووه به ده‌ست ئه‌و دوو حزبه كه وایكردووه یه‌كخستنه‌وه‌ى هه‌ردوو ئیداره‌كه له كابینه‌ى پێنجه‌می حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستانه‌وه شكست بهێنێت و بۆ دامه‌زراوه‌كانى خواره‌وه شۆڕ نه‌بێته‌وه.
مه‌حموود عوسمان كه‌سایه‌تى سیاسیی دیاری كوردستان، ده‌ڵێ، ئه‌گه‌رچی دوو ئیداره‌یی له رووی ژماره‌ى كورسی نه‌ماوه،كه‌چی به كرده‌نی بوونی هه‌یه، تا قۆناغی دوو ئیداره‌ییش تێنه‌په‌ڕێت، هه‌ڵبژاردن به‌های نابێت كاتێك هێزێك زۆرینه‌ى كورسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام هێزی به‌رانبه‌ر هه‌مان رۆڵی له بڕیارداندا هه‌بێت.
مه‌حموود عوسمان بۆ "وشه" ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه كاتى خۆی كه حكوومه‌ت یه‌كخرایه‌وه، هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و ئاسایش و پۆلیس یه‌ك نه‌خران، بودجه‌ش تێكه‌ڵ نه‌كرا، ئه‌م دۆخه‌ش درێژه‌ى پێدرا تا ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵدا بێت، بۆیه هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و سندووق و كورسیی په‌رله‌مانى چاره‌سه‌ری ئه‌وه ناكات.
زیاتر گوتى "له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا یه‌كێتى نیوه‌ى پارتى كورسی هێناوه، به‌ڵام نیوه‌ی كوردستانیش ئیداره ده‌دات ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسیشی هه‌بێت. ئێمه له ئه‌وروپا نین، ئێره كوردستانه و وڵاتێكه هه‌مووی چه‌كداره، بۆیه تا دوو ئیداره‌یی چاره‌سه‌ر نه‌بێت و ده‌زگه ته‌ناهییه‌كان یه‌ك نه‌خرێن و سه‌ر به حكوومه‌ت نه‌بن، ئه‌و دۆخه هه‌ر ده‌مێنێت، مانه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه‌ش به دیوه‌كه‌ی تردا مانای دروست نه‌بوونى حكوومه‌تی زۆرینه‌یه، ئه‌مه‌ش واقیعه‌كه‌یه و كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه".
له‌باره‌ى گوتاری پارتی بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى زۆرینه، مه‌حموود عوسمان ده‌ڵێ"پارتى ناتوانێ حكوومه‌تى زۆرینه بێ یه‌كێتى دروست بكات، چونكه روونه له دێگه‌ڵه به‌ولاوه ده‌سه‌ڵاتی نابێت، جگه له‌مه ئه‌گه‌ر یه‌كێتى كورسیشی كه‌م كردبێت، ئه‌وا له سلێمانى و هه‌ڵه‌بجه زۆرینه‌ى به‌ده‌ستهێناوه، كاتێك ئه‌وه ده‌كرێت لایه‌نه‌كان كۆك بن و یه‌كێتى قبووڵی بكات ببێت به ئۆپۆزسیۆن. له رووى تیۆری و ژماره‌ى كورسییه‌وه پارتى ده‌توانێ بێ یه‌كێتى حكوومه‌ت پێك بهێنێت، به‌ڵام دۆخه‌كه وا ناڵێت".
كه‌مال ره‌ئووف نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس هاوڕایه له‌گه‌ڵ مه‌حموود عوسمان به‌وه‌ى به حوكمی هه‌بوونى هێزی چه‌كدار و دابه‌شبوونى زۆنى زه‌رد و سه‌وز و دوو ئیداره‌یی، هیچ كاتێك حكوومه‌تی زۆرینه دروست نابێت ئه‌گه‌ر پارتى و یه‌كێتى به‌شداری له‌و حكوومه‌ته نه‌كه‌ن.
ره‌ئووف بۆ "وشه" ئاماژه‌ی به‌وه‌داكه هیچ لایه‌نێكیان ئاماده نین خۆیان راده‌ستى ده‌نگی خه‌ڵك و سندووقی ده‌نگدان بكه‌ن، پێیان وابێت به زۆرینه و كه‌مینه ده‌توانرێ حكوومه‌ت پێك بهێنرێت، ئه‌مه‌ش بڕاوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت، "به‌شێكی تر ئه‌وه‌یه كه پارتى و یه‌كێتى به‌هۆی ئه‌وه‌ى هێزیان به‌ده‌سته، ده‌توانن به ئاره‌زووی خۆیان یاریی به ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، هه‌موو فه‌رمانگه‌كانى سلێمانی و ئیداره‌ى ناوچه‌ی سه‌وز لای یه‌كێتییه‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجامدانى هه‌موو شتێكی هه‌یه، بۆ پارتیش به هه‌مانشێوه، ته‌نانه‌ت هێشتا پێوه‌ندییه هه‌رێمایه‌تییه‌كانیش به جیاواز ئه‌نجام ده‌درێن و نووسینگه‌كانیان له‌و وڵاتانه دیارن. خۆزگه ده‌توانرا هه‌ڵبژاردنێكی پاك ئه‌نجام بدرێت و زۆرینه مافی پێكهێنانى حكوومه‌تی هه‌بووایه".
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ی پارتى دیمو‌كراتى كوردستان كه زۆرینه‌ى كورسییه‌كانى په‌رله‌مانى بردووه، ده‌توانێ له‌سه‌ر مێزی دانوستاندن و پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌می حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان به زمانى كورسی قسه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان بكات؟ كه‌مال ره‌ئووف ده‌ڵێ "ئاسان نییه بتوانێت، ته‌نیا پرسى كه‌مبوونه‌وه نه‌بێت له پشكی یه‌كێتى له حكوومه‌ت، به‌ڵام له بڕیارداندا ناتوانێت، چونكه ناوه‌ندی بڕیار له ده‌ستی په‌رله‌مان و حكوومه‌ت نییه، به‌ڵكو له ده‌ستى حزبه‌كاندایه به‌تایبه‌ت پارتى و یه‌كێتی خۆیان".
"ده‌توانین پارێزگاری گۆڕان له سلێمانى به نموونه بهێنینه‌وه كه چه‌نده ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه تا پارتی ده‌سه‌ڵاتی له سلێمانى هه‌بێت، ئێسته‌یش به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كێتى ده‌سه‌ڵاتی له پارێزگار زیاتره، بۆیه هه‌ر كه‌سێك له سلێمانى پۆست وه‌ربگرێت ئه‌گه‌ر یه‌كێتى خۆی پشتگیریی نه‌كات، هه‌ر هێنده‌ى پارێزگاره‌كه‌ی گۆڕان ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت". كه‌مال ره‌ئووف وا ده‌ڵێت.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕووكه له كوردستان حكوومه‌ت ده‌زگه‌یه‌كی خزمه‌تگوزارییه و خاوه‌ن بڕیار نییه، وه‌ك په‌رله‌مانیش خاوه‌ن بڕیار نییه، به‌ڵكو هێزی حزب له پشته‌وه‌ی حكوومه‌ت هه‌یه و بڕیار ده‌دات، بۆیه ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ حكوومه‌ت، ته‌نانه‌ت ئێسته به‌هۆی لاوازبوونى لایه‌نه‌كانى ئۆپۆزسیۆن، دوو جه‌مسه‌ری ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیش نه‌ما، ئه‌وان ده‌یانتوانی 50+1 له په‌رله‌مان دروست بكه‌ن، به‌ڵام ئێسته ئه‌وه‌ش ناتوانن، بۆیه ئه‌وه‌ى هه‌یه جه‌مسه‌ری پارتى و جه‌مسه‌ری یه‌كێتییه و لایه‌نه‌كانى تریش خۆیان ده‌خه‌نه پاڵ ئه‌و دوو هێزه، ئه‌گه‌ر دابه‌شیش نه‌بن، ئه‌وا هێزی ئه‌وه‌یان نییه گره‌و بكه‌ن وه‌ك جاران زۆرینه دروست بكه‌ن.
كه‌مال ره‌ئووف باس له چۆنیه‌تیى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار ده‌كات و پێی وایه، "لێككه‌وته‌كان ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه كه پارتى وه‌ك جاران هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ یه‌كێتى نه‌كات، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك هێزی تر به‌شداری پێده‌كات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى پشكی یه‌كێتى له حكوومه‌ت نه‌ك له ده‌سه‌ڵات، چونكه هیچ ده‌زگه‌یه‌ك نییه له‌م دوو زۆنه له سه‌رووی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتى و پارتى بێت".
لای خۆیه‌وه د.عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ مامۆستای زانكۆ باس له‌وه ده‌كات كه پارتى له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه براوه‌كانى هه‌ڵبژاردن دانوستاندن و گفتوگۆ ده‌كات بۆ پێكهێنانى حكوومه‌ت، به‌ڵام به ئاراسته‌ی حكوومه‌تى زۆرینه‌ش كار ده‌كات له‌گه‌ڵ هێزه سه‌ره‌كییه‌كان.
"تێگه‌یشتنى من بۆ پارتى ئه‌وه‌یه كه دانوستاندن له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه‌كان ده‌كات، بۆیه به دووری مه‌بینه حكوومه‌تى بنكه‌فراوان دووباره ببێته‌وه! به‌ڵام ئه‌مجاره پارتى مه‌رجی ئه‌وه‌ی ده‌بێت هه‌ر لایه‌نێك به‌شداری له حكوومه‌ت بكات، ده‌بێت پشتگیری له به‌رنامه‌ی حكوومه‌ت بكات نه‌ك له په‌رله‌مان ئۆپۆزسیۆن بێت". عه‌بدولحه‌كیم خه‌سرۆ بۆ "وشه" وا ده‌ڵێت.
ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه‌كه ئاراسته‌كان بۆ ئه‌وه ده‌چن گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ ببن به ئۆپۆزسیۆن، یه‌كێتیش به قه‌باره‌ی خۆی به‌شداری له حكوومه‌ت ده‌كات.
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى پارتى ده‌توانێ بێ به‌شداری یه‌كێتى حكوومه‌ت پێك بهێنێت، عه‌بدولحه‌كیم گوتی"له رووی ژماره‌ى كورسی و سیسته‌می دیموكراسی ده‌توانێ و كێشه‌ی نییه، به‌ڵام روانگه‌ى پارتى به‌مجۆره نییه و هێڵی سوور لاى پارتی نییه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تر، بۆیه یه‌كێتى لای پارتى هاوبه‌شێكی گرنگ ده‌بێت بۆ حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستان، هیچ كاتێكیش بیر له‌وه نه‌كراوه‌ته‌وه حكوومه‌ت بێ به‌شداری یه‌كێتى پێكبهێنێت، ئه‌مه‌ش له روانگه‌ى گۆڕانكارییه گه‌وره‌كانى روو له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات بۆ به‌رژه‌وه‌ندی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و دۆخی هه‌رێمی كوردستان".
"به‌ڵام پارتى ئه‌مجاره پرسی راكردن له به‌رپرسیاریه‌تى قبووڵ ناكات و له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان قسه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ى به‌شداری له حكوومه‌تیش ده‌كه‌ن، ده‌بێت له په‌رله‌مان پشتگیری له كارنامه‌ی حكوومه‌ت بكه‌ن" خه‌سره‌و وای گوت.