له مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، توانرا ڕێگه له هاورده‌كردنى بڕى حه‌وت ته‌ن نۆكى ئێرانى و زیاتر له 60 ته‌ن قه‌یسى وشكراو بگیرێت بۆ ناو بازاڕه‌كانى هه‌رێم، له ڕێگه‌ى لیژنه‌ى تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه، كارى له‌ناوبردن و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتى سه‌رچاوه بۆده‌كرێت.
له‌وباره‌یه‌وه، به‌هێز عه‌بدولـله‌تیف، لێپرسراوی هۆبه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ی كشتوكاڵی باشماخ، به"وشه"ى ڕاگه‌یاند، له‌ماوه‌ى 24 سه‌عاتى رابردوودا، بڕى حه‌وت ته‌ن، نۆكی ئێرانی كاڵ كه له فه‌رده‌دا دانرابوو، دواى ئه‌وه‌ى نموونه‌ى بۆ پشكنین لێوه‌رگیرا، به‌ڵام دواتر له‌پشكنین ده‌رنه‌چوو، به‌هۆی جۆری نووسینی تایبه‌تمه‌ندى سه‌ر فه‌رده‌كه، به‌زمانی فارسی و بوونی كێشه، له به‌رواری به‌رهه‌مهێنان و به‌سه‌رچوونی كه به‌پێی تایبه‌تمه‌ندى مواسفاتی عێراقی و هه‌رێم نه‌بوو، بۆیه بڕیار درا بگه‌ڕێته‌وه بۆ وڵاتی سه‌رچاوه كه ئێرانه.
ناوبراو، گوتیشى "هاوكات هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، بڕی 62 ته‌ن قه‌یسی وشك له فه‌رده‌دا له‌پشكنین ده‌رنه‌چوو، كه هی وڵاتی ئه‌فغانستانه، به‌هۆی بوونی كرمێكی زۆر و به‌و هۆیه‌شه‌وه، بریاردرا له ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت ئه‌و سێ ئوتومبێله كه قه‌یسیه‌كه‌ى تیا بوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئێران".
مه‌رزى نێوده‌وڵه‌تى باشماخ، نزیكه‌ى شه‌ش كیلۆمه‌تر له شارۆكه‌ى پێنجوێنه‌وه دووره و ڕۆژانه كاروبارى بازرگانى و گه‌شتیارى له نێوان هه‌رێم و ئێران لێوه ئه‌نجام ده‌درێت.
پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنى