ئەمڕۆ پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كۆتایی دێت

:: AM:09:20:20/10/2018 ‌
بڕیارە ئەمشەو كۆتایی بهێنرێت بە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب، ئەوەیش دوای 11 ڕۆژ لە بەردەوامبوونی و بوونی سەتان ناوەند و دەزگای تایبەت بە چاپ و بڵاوكراوە.

ڕۆژی 10ـی تشرینی یەكەم، 13مین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب كرایەوە، لە پێشانگاكەدا زیاتر لە 250 دەزگای چاپ و بڵاوكراوە تێیدا بەشدارن بە زیاتر 700 هەزار ناونیشانی كتێب و توێژینەوە كە بە چەندان زمانی جیاواز، ئەمڕۆ 20ـی تشرینی یەكەم كۆتایی ڕۆژی پێشانگاكەیە.

ڕەفیق كانسكی كە سەرپەرشتیاری یەكێك لە كۆمپانیاكانی بەریتانیایە بۆ "وشە" گوتی، ئەمڕۆ كۆتایی بە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر دێت و لە شەش مانگی داهاتوو جارێكی تر دەگەڕێینەوە.

ئەو سەرپەرشتیارە لەبارەی فرۆشی كتێبەكانیان ئاشكرای كرد، ئاستی فرۆشتن تا ئاستێك باش بووە، بەڵام ئەوەی جێی تێبینی بوو خواستی خوێنەر زیاتر بۆ سەرچاوەی نووسراوی ڕەسەنی كەسەكان بوو واتا خوێنەر بەدوای ئەو كتێبانە دەگەڕا كە چاپكراوی نووسەرەكە خۆی بوو.

بڕیارە ساڵی داهاتوو لە مانگی نیسان جارێكی تر پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بكرێتەوە.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بە سەتان هەزار ناونیشانی جۆراوجۆر دەكرێتەوە و لە چەندان وڵاتانی دنیا خانەی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب بەشداری تێدا دەكەن.

لە ساڵی ڕابردوودا كتێبی هزرە سیاسییەكان و شیكارییەكان و زمانەوانییەكان پڕ فرۆشترین كتێبی پێشانگاكە بوون، جیا لەوەیش هەرێمی كوردستان ژمارەیەك كتێبی قەدەغە كردووە كە بە سەرچاوەی بیری توندڕۆیی دادەنرێن كە بەشداری لەو پێشانگایە بكەن.




وشە - رامیار جەواد