دوا زانیاری لەسەر گەڕانەوەی پشووی شەمووی قوتابخانەكان

:: AM:10:24:20/10/2018 ‌
بەرپرسێكی یەكێتی مامۆستایان ئاشكرای كرد، گەڕانەوەی پشووی ڕۆژانی شەموو بۆ خوێندنگەكان گەیەنراوەتە وەزارەتی پەروەردە و لە هەفتەی داهاتووش لەگەڵ وەزیر كۆبوونەوە دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی تشرینی یەكەم، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، گەڕانەوەی پشووی ڕۆژانی شەموو بۆ قوتابخانەكان لە دواین كۆبوونەوەی مەكتەبی تەنفیزی بەرز كراوەتەوە.

سەرۆك یەكێتی مامۆستایانی كوردستان گوتی، ئەو داواكارییە بۆ وەزارەتی پەروەردە بەشێوەیەكی فەرمی بەرز كراوەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامی وەزارەتین، هەروەها ئێمە بە مافی مامۆستایان دەزانین كە ئەو پشووەیان هەبێت، چونكە لە هەموو عێراق و ناوچەكەش دوو ڕۆژ پشوو هەیە لە هەفتەیەكدا.

گەرمیانی ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتووش لەسەر كردنە پشووی ڕۆژانی شەموو كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و گفتوگۆ لەسەر كردنە پشووی ڕۆژانی شەموو دەكەین.

ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستان بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری بڕیار درا هاوشێوەی فەرمانبەران ڕۆژانی شەموو لە قوتابخانەكان بكرێتە پشوو، بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی پەروەردە ئەو ڕۆژە پشووەی هەڵوەشاندەوە ئێستە جارێكی تر یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێشنیاری كردنەوە پشوو دەكات.



وشە - رامیار جەواد