سبەی مووچەی ئەو شوێنانە دابەش دەكرێت

:: PM:03:44:20/10/2018 ‌
بەپێی ئەو بەرنامەیەی لەلایەن گەنجینەكانەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بڕیارە سبەی مووچەی سێ‌ وەزارەت و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی تشرینی یەكەم، بەپێی چەند زانیارییەك لە ڕێی یەكێك لە گەنجینەكانی هەرێمی كوردستان بە "وشە" دراوە و تێیدا هاتووە، سبەی یەكشەم 21ی تشریی یەكەم مووچەی وەزارەتەكانی پیشەسازی و بازرگانی و رۆشنبیری و لاوان  و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن دابەش دەكرێت.

لە زانیارییەكان هاتووە، سبەی مووچەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران دابەش دەكرێت، هەروەها بڕیارە ڕۆژی دووشەم و سێشەم مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی دابەش بكرێت.

كۆی گشتیی مووچەی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 725 ملیار دینارە كە 317 ملیاری حكوومەتی عێراق دەیدات و 378 ملیار دیناریشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دابینی دەكات. مانگانەش ئەمەریكا 24 ملیار دینار راستەوخۆ وەك مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە دابەش دەكات.

بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە لە مانگی دووی ساڵی 2016ـەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بە سیستەمی پاشەكەوتكردنی مووچە فەرمانبەران دەكات، بەڵام پاشەكەوت تا كۆتایی ساڵی 2017 وەزارەتی پێشمەرگە ‌و بەشێك لە هێزە تەناهییەكانی نەگرتەوە.



وشە - رامیار جەواد