لەگەڵ هاتنی شەپۆلێكی بەفربارین و زیاتر دابەزینی پلەكانی گەرما، تادێت لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و دەوروبەری، بڕینەوەی دارە بەتەمەنەكانی دارستانەكانی ناوچەكە زیاتر دەبێت و ئەمەش بووەتە دیاردەیەكی مەترسیدار بۆ سەر ژینگەی ناوچەكە.
رائید ئیسماعیل ئیبراهیم، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، لەلێدوانێكدا بە"وشە"ی راگەیاند: لەئێستەدا كە وەرزی بەفربارین لە سنوورەكەماندا دەستی پێ كردووە، تا دێت زیاتر خەڵك پەنا بۆ داربڕینەوەی دارە بەتەمەنەكانی دارستانەكانی ناوچەكە دەبەن. ئەو گوتیشی،"زۆر بەداخەوە حكوومەت وەك پێویست نەوتی دابین نەكردووە، لەكاتێكدا لەم سنوورەدا بەتەنیا بەرمیلێك نەوت، پێداویستی خەڵك دابین ناكرێت".
ئەو روونی كردەوە هێزەكانی پۆلیس، بە رۆژ و شەو لەو شوێنانەن كە گومان دەكرێت بۆ داربڕینەوە خەڵك رووی تێبكات. بەپێی ئەو ئامارەی رائید ئیسماعیل خستیەڕوو تەنیا لە مانگی كانوونی یەكەمەدا رۆژانە كەسێك بەتۆمەتی داربڕینەوە گیراون. ئەو دەڵێت "دەزانین كە خەڵك زۆر بەناچاری پەنا بۆ داربڕینەوە دەبەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر نیگەرانین كە خەریكە بەهۆی نەبوونی نەوت خەریكە سامانێكی گرنگی نیشتیمانیمان لەدەست دەدەین، چونكە داری واهەیە تەمەنی دەگاتە نزیكەی ١٠٠ ساڵ."
بەرپرسەكەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، نەیشاردەوە كاتێك كەسێك بەو هۆیەوە دەستگیر دەكرێت، سەرەتا بەپێی بڕیاری دادوەر دەبێت و دواتر رەنگە بەكەفالەت ئازاد بكرێت، زۆر جاری تریش كەسەكان بەپێی جۆر و شێوازی ئەنجامدانی تاوانەكە، سزای توندی مادی یان بەندكردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
شارۆكەی پێنجوێن، ناوچەیەكی كوێستانییە و لەدوو شارەدێی و گەرمك و ناڵپارێز پێك دێت و سەر بەپارێزگای سلێمانیە و زیاتر لە250 گوند لەخۆ دەگرێت، زستانان بەهۆی سارد و سەرما و هاوینانیش بەهۆی ئاگركەوتنەوە، بەشێكی زۆری دارستانەكانی لەناو چوون و ئەوەش وا دەكات ناوچەكە بەرەو بەبیابان بوون بڕوات.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی