شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك دەستی پێ كرد

:: PM:05:30:20/10/2018 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ بە فیلمی "زاگرۆس"، شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لە هوڵی كۆنفرانسەكانی زانكۆی دهۆك دەستی پێ كرد و تیایدا دەرهێنەر و هونەرمەند و سینەماكار و ئەكتەرانی 50 دەوڵەتی دنیا كێبەركێ لەسەر 17 خەڵات دەكەن.

بەنگین عەلی، جێگری بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەكە ئەمڕۆ شەموو 20ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر بە "وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سەعات 17:00 بە فیلمی "زاگرۆس" شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك لە هوڵی كونفرانسەكانی زانكۆی دهۆك دەستی بە كارەكانی كرد و بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی، لە فێستیڤاڵەكەدا دەرهێنەر و هونەرمەند و سینەماكار و ئەكتەرانی كورد و 50 دەوڵەتی دنیا كێبەركێ لەسەر 17 خەڵات دەكەن و بۆ ئەم مەبەستەیش 106 فیلم لە كۆی 600 فیلم بۆ كێبەركێ لەلایەن لیژنەیەكی تایبەتمەند پێشتر هەڵبژێردراون كە ئەوانیش 40 فیلمی كوردی و 67 فیلمی عەرەبی و بیانی و جیاوازن، لەگەڵ هەندێ فیچەر و دۆكیۆمێنتاری.

بەپێی قسەی ئەو بەرپرسە بێجگە لە نمایشكردنی فیلم، چەند پانێلێكی تایبەت بە سینەما ئامادە كراوە و بە بەشداری كەسایەتی سینەمایی و هونەرمەندانی كورد و بیانی بەڕێوە دەبرێن و روونی كردەوە، شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بە فیلمی "زاگرۆس" دەست پێ دەكات كە یەكێكە لە فیلمە كوردییەكان و لە دەرهێنانی سەهیم عومەرە.

هەموو ساڵێك لە رێككەوتی 9ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆك بەرێوە دەچێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی تەنگژەی داراییەوە بۆ 20ی ئوكتۆبەر دواخرا.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری













وشە - مه‌حموود ئیسماعیل