نێچیرڤان بارزانی و ماكڕۆن پێكهێنانی حكوومەتی عێراق تاوتوێ دەكەن

:: PM:07:36:20/10/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمانوێل ماكرۆن، سەرۆكی فڕەنسا پرۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و بەشداری لایەنە كوردستانییەكانیان تاوتوێ كرد.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئەمڕۆ شەموو 20ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، رای گەیاند كە لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا باسیان لە دوا پێشهاتەكانی پڕۆسەی سیاسی عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردووە.

بەپێی راگەیەندراوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی فڕەنسا دووپاتی لە پێویستیی بەشداریی هەموو لایەنە عێراقییەكان و بەتایبەتی لایەنە كوردستانییەكان لە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكومەتی عێراقیدا كرووە.

هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی بایەخدان و پشتگیریی هەمیشەی فڕەنسا و ئیمانوێل ماكرۆنی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق كردووە. هەروەها داكۆكی لەوە كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقدا بەشدار دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی هیوای خواستووە، پێوەندییەكانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا بەردەوامبن و  سوپاس و ستایشی ئیمانوێل ماكرۆنی كردووە كە دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە ئارامكرنەوەی دۆخەكە و دەستپێكردنی دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و شكاندنی ئابڵووقەكان لەسەر هەرێمی كوردستان.

دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و ئابڵووقەكان لەسەر هەرێمی كوردستان، لە رۆژی دووی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری2017 ئیمانوێل ماكرۆن لە كۆشكی ئێلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی كرد. دوو هەفتەیش دوای سەردانەكەی بۆ كۆشكی ئێلیزێ، لە 18ی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری2017، ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لە بەرلین پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی كرد.



وشە - فه‌رمان سادق