شێروان زرار گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئەوەی رەتكردەوە كە سبەی یەكشەم 21ی ئۆكتۆبەر، ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رابگەیەنن.
گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاشكرای كرد كە ئەنجوومەنی كۆمسیاران سەرقاڵی وردبینیكردنە لەسەر ئەنجامی فۆڕمەكان و بڕیاردان لەسەر سكاڵاكان، دوای ئەوەی لیژنەی لێكۆڵینەوە لە سكاڵاكان كارەكانی خۆی تەواو كرد، روونی كردەوە كە ئەنجوومەنی كۆمسیاران دانیشتنێكی لە بەردەمدا ماوە بۆ ئەوەی ئەو دوو پرسە یەكلایی بكاتەوە.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلوولی رابردوو ئەنجام درا، دوای 72 سەعاتی یەكەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن 85%ی ئەنجامی هەڵبژاردنی راگەیاند.
پاشان دەرگای تۆماركردنی سكاڵا بۆ هێزە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردن كرایەوە، شێروان زرار لە دیمانەیەكی پێشتر لەگەڵ "وشە" رای گەیاندبوو كە كۆی سكاڵاكان 779 سكاڵایە، لەم ژمارەیە 348یان زەرد و 270 سەوز و 161یان سوورە، لە هەڵەبجە كەمترین سكاڵا و لە سلێمانیش زۆرتری سكاڵا تۆمار كراون.
شێروان زرار لە بارەی راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن، بۆ "وشە" گوتی، "لەم هەفتەیەدا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە پرێس كۆنفراسێكدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن بۆ رای گشتی را دەگەیەنێت".
لە بارەی سەردانی هێزە سیاسییەكانیش كە چاوەڕوان دەكرا كۆمسیۆن سەردانیان بكات پێش راگەیاندنی ئەنجامەكە، شێروان زرار ئاماژەی بەوە دا كە كۆمسیۆن سەردانی هیچ هێزێكی نەكردووە و لەوەیش ناچێت سەردانیان بكات.
جێی باسە بەگوێرەی ئەنجامە نا فەرمییەكانی تا ئێستە بڵاو كراونەتەوە، پارتی 44 كورسی هێناوە، یەكێتی 22 كورسی و گۆڕان 13 كورسی بەدەستهێناوە.