پارتی ئاستی داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراق بەرز دەكاتەوە

:: PM:09:33:20/10/2018 ‌
پارتی دیموكراتی كوردستان ئاستی داواكارییەكان بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراق بەرز دەكاتەوە، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێ پارتی هەوڵی رازیكردنی هێزە كوردستانییەكانی تر دەدات بۆ پشتگیریكردن لە داواكارییەكانی كە بەشداریكردن لە بڕیارەكان یەكێكە لە داواكارییەكان، ئەمە لە كاتێكدایە هێزە كوردییەكانی تر هەڕەشەی ئۆپۆزسیۆنبوون دەكەن ئەگەر پۆستی وەزارەتیان پێ نەدرێت.

ئەمڕۆ شەموو 20ی ئۆكتۆبەر، سەرچاوەیەكی سیاسی كوردستانی ئاشكرای دەكات كە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاستی داواكارییەكانی بۆ بەشداریكردن لە حكوومەتی عێراقی بەرز كردووەتەوە كە پێشتر خۆی لە چەند وەزارەتێك دەبنییەوە، بەڵكو ئێستە داوای دامەزراندنی چەند دامەزراوەیەك دەكات كە هاوسەنگی لە ئیدارەدانی دەوڵەتی عێراق بپارێزێت، داوای گەرەنتیش دەكات كە جارێكی تر هێزە كوردستانییەكان لە بەغدا پەراوێز نەخرێن و دووریش نەخرێنەوە لە بڕیاری جێبەجێكردن وەك ئەوەی لە حكوومەتەكانی پێشتر روویداوە.

 ئەو سەرچاوە سیاسییە بەرز بوونەوەی داخوازییەكانی پارتی گرێ دەدات بە ویستی هێزە كوردییەكانی تر، بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی، نەوەی نوێ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی كە رەخنەی ئەوەیان لە عادل عەبدولمەهدی گرتووە هەرچی پۆستی گرنگ و هەستیار هەیە كە بەر كورد دەكەوێت، بە پارتی و یەكێتی داوە، گوتی، "ئەو حزبانە پێیان وایە مافی خۆیانە پۆستی گرنگ و هەستیاریان پێ بدرێت".

زیاتر گوتی، "پارتی لە پێوەندی چڕدایە لەگەڵ هێزە كوردییەكانی تر بۆ باوەڕپێهێنانیان بۆ پشتگیریكردن لە هەڵوێستەكانی، رەنگە ئەمەیش هۆكار بێت لە دواخستنی یەكلاكردنەوەی پشكی كورد لە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، تەنانەت رەنگە ئەو پرسە یەكلایی نەبێتەوە ئەگەر عەبدولمەهدی كابینەكەیشی بباتە بەردەم پەرلەمان لەم هەفتەیەدا".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەیشی خستەڕوو كە هێزە ئۆپۆزسیۆنە كوردستانییەكان نیگەرانن لە عادل عەبدولمەهدی و ئەو زانیارییانەی بۆ میدیا دزەیان پێ كراوە كە دەری دەخات هەرچی پۆستی گرنگە لە پشكی كورد لە بەغدا بە پارتی و یەكێتی دراوە، گوتی، "ئەوان داوای پۆستی وەزیری دەكەن و دەڵێن كەسێكی تەكنۆكرات كاندید دەكەن بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر پۆستەكە نەدرێت پێیان ئەوا بەشداری لە حكوومەت ناكەن و دەبن بە ئۆپۆزسیۆن".
 
جێی باسە لە دووی ئەم مانگە بەرهەم سالح سەرۆك كۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی راسپاردووە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لە 25ی ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی كابیەی حكوومەتەكەی دەباتە پەرلەمان بۆ وەرگرتنی متمانە.



وشە - فه‌رمان سادق