عادل عەبدولمەهدی بڕیارێکی وەزارەتی نەوت هەڵدەوەشێنێتەوە

:: PM:09:58:20/10/2018 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاری گواستنەوەی خاوەنداریەتی كۆمپانیا حكوومییەكان پێوەند بە سێكتەری نەوت بۆ كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی هەڵدەوەشێنێتەوە، دوای ئەوەی عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ ناڕەزایەتی دەربڕی.

ئەمڕۆ شەموو 20ی ئۆكتۆبەر، جەبار لعێبی وەزیری نەوتی عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بەستنەوەی ئەو نۆ كۆمپانیا حكوومییانەی سێكتەری نەوت بە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كە رۆژی پێنجشەمی رابردوو 18ی ئۆكتۆبەر دەری كردبوو.

لعێبی لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئاماژەی بەوەداوە بە هەستكردن بە بەپرسیاریەتی لە تەواوكردنی بنەماكانی سەركەوتن لە دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار و گونجاندنی لەگەڵ روانگەی حكوومەتی داهاتوو بۆ دواڕۆژی سێكتەری نەوت، وەزارەتی نەوت بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بەستنەوەی ئەو نۆ كۆمپانیا حكوومیەی سێكتەری نەوت بە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی و رەخساندن و دەرفەتدان بە حكوومەتی نوێ و ئەنجوومەنی وەزیران بە رەخساندنی ژینگەیەك گونجاو بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی كە بگونجێت لەگەڵ بەرنامەی حكوومەتی نوێ.

جێی باسە بەگوێرەی یاسای كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ژمارە چواری ساڵی 2018، باس لە گرنگی گرتنەبەری رێوشوێن دەكات بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی لە ماوەی شەش مانگ دوای بڵابوونەوەی یاسایەكە، كە لە نۆی نیسانی 2018 لە رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوكراوەتەوە. 

لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی چەند هەنگاوێكی گرتووەتە بەر بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی، بەگوێرەی بڕیارەكانی ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بێت باس لە هەرچی زووە تەواوكردنی هەنگاوەكانی دامەرزاندن و بەستنەوەی كۆمپانیا حكوومیەكان دەكات بە كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی.



وشە - فه‌رمان سادق