ژنێك خۆی خنكاند

:: AM:09:08:21/10/2018 ‌
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی یەكێك لە شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، ژنێك بە پەت خۆی خنكاند و گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ـی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین هاتووە، ئێوارەی رۆژی 20/10/2018، لە شارەدێی سەنگەسەری سەر بە شارۆكەی پشدەر، ژنێك بەناوی (ش . ع . ن) لەدایكبووی ساڵی 1984، پیشەی ژنی ماڵ لە ماڵەكەی خۆیدا بە پەت خۆی هەڵواسی و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست دا.

پۆلیس ئاشكرای كردووە، بە گوتەی برا گەورەكەی ماوەی دوو ساڵەی باری دەروونی ناجێگیرە و دایكی كوڕ و كچێكە، پاش توێكاری بۆ تەرمەكەی لە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ رادەستی كەسوكاری كرایەوە.

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی داوە، پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە، لەسەر رووداوەكە كەس نەگیراوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.

خۆكوشتن و كوشتن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018 بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمساڵ لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە شەش ژن بەپەت خۆیان خنكاندووە. 

بەرپرسانی حكوومی چەندان جار هۆشدارییان داوە بەبوونی چەكی بێ‌ مۆڵەت لە ماڵەكان كە هۆكارێكی سەرەكی توندوتیژی و كوشتنە.



وشە - رامیار جەواد