یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەفەرمی قەبارەی پێكانی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی تیپەكەی لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی ئاشكرا كرد.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە گەڕی نۆیەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 4-2 لە یانەی سڤیلییەی بردەوە.
لە یارییەكدا و لە خولەكی 24 میسی بەهۆی پێكانی قۆڵییەوە بەناچاری یاریگەی جێهێشت و نەیتوانی یارییەكە تەواو بكات، هەرچەندە لە سەرەتادا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كردبوو و لە خولەكی 2 گۆڵێكی بۆ فیلیپ كۆتینیو دروست كردبوو و لە خولەكی 12ش گۆڵێكی تۆمار كردبوو.
ماڵپەڕی فەرمی یانەی بەرشەلۆنە ئاشكرای كرد: بەگوێرەی پشكنینە پزیشكییەكان دەركەوتووە میسی تووشی شكانی قۆڵی بۆتەوە و بەهۆیەوە بەلایەنی كەم بۆ ماوەی 3 هەفتە لە یاریكردن دادەبڕێ.
بەمەش میسی لە یارییەكەی چوارشەمی داهاتوو لە گەڕی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی یاری ناكات و هەروەها رۆژی یەكشەمی داهاتووش بەشداری لە یاریی كلاسیكۆی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید ناكات.