سه‌رۆك هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌ڵێن، 16ی ئۆكتۆبه‌ر ناپاكی و غه‌در بوو و ئێمه‌ی عه‌ره‌ب به‌شێك بووین له قوربانییه‌كانی و زیاتر له هه‌زار كه‌سمان له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه رفێنراون و ئێسته‌یش بێسه‌روشوێنن. دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه "خیانه‌ته‌كه له‌لایه‌ن لاهوور جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی رووی دا و ئه‌وان به‌رپرسیارن".
16ی ئۆكتۆبه‌ر بووه‌ته په‌ڵه‌یه‌كی ره‌ش و مێژوویی به‌سه‌ر ناوچه‌وانی به‌شێك له سه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئه‌وان بۆ چنگێك به‌رژه‌وه‌ندی به شه‌رمه‌زاریی ده‌ستكه‌وتووی خۆیان، گورزیان له دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌كی هه‌زار ساڵ خهباتكردوو دا، جیا له زیانگه‌یاندن به دۆستانی كورد له عه‌ره‌ب و نه‌ته‌وه‌كانی تر كه له سایه‌ی هه‌رێمی كوردستانخۆیان به شكۆدار و خاوه‌ن كه‌رامه‌ت ده‌زانی، بۆیه ده‌ڵێن جیا له خیانه‌ت له كورد، شكۆی ئێمه‌یش شكاوه و سه‌تان كه‌سمان شوێن‌بزر كراون و ژنیش ئابڕووی براوه.
شێخ ته‌ها لهێبی شێخێكی هۆزی لهێب، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان به عه‌ره‌ب و كورده‌وه، له 2003وه تا 16ی ئۆكتۆبه‌ر، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه هاته پاراستن، هاوكات له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه له داعش پاك كرایه‌وه و شكۆی بۆ گه‌ڕایه‌وه، به‌تایبه‌تی له كه‌ركووك ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بووایه، هاوشێوه‌ی مووسڵ و سه‌ڵاحه‌دین و ئه‌نبار ده‌كه‌وته ده‌ستی داعش، بۆیه 16ی ئۆكتۆبه‌ر كوده‌تایه‌ك بوو به‌سه‌ر دۆخی سه‌قامگیری ئه‌و ناوچانه.
زیاتر گوتی، "ئه‌وه‌ی رووی دا كوده‌تا بوو به‌سه‌ر ده‌ستوور و ماده‌ی 140 و ئاسایش و ته‌ناهی ناوچه‌كه‌دا به‌گشتی، ئه‌وه‌یش بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت و ره‌خساندنی هه‌ل بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی تا بڵێت ده‌سه‌ڵاتی یاسای بۆ ئه‌و ناوچانه گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، جیا له‌وه‌ی ئێسته له كه‌ركووك پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت بۆ ئێران هه‌یه و به‌وه‌یش بابه‌ته‌كه روونه كه 16ی ئۆكتۆبه‌ر بۆچی ئه‌نجام درا".
هۆزه عه‌ره‌بییه‌كان به‌شێكیان به درێژایی مێژوو له‌و سنوورانه له‌گه‌ڵ كورد ژیان و له ماوه‌ی رابردوودا پێكه‌وه‌ژیان و خه‌باتكردن دژی تیرۆر له نێوان هه‌ردوو لا گه‌شه‌ی كرد.
موزاحم ئه‌حمه‌د حوێت گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كانی نه‌ینه‌وا، بۆ "وشه" گوتی، 16ی ئۆكتۆبه‌ر داگیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بوو كه له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه و ئاسایشی هه‌رێم له داعش پاك كرابوونه‌وه، بۆیه ئه‌وه‌ی رووی دا ناپاكی و غه‌در بوو.
ئه‌وه‌یش ئاشكرا ده‌كات كه دوای نه‌مانی پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه، سه‌تان تاوان و كوشتن و رفاندن نه‌ك به‌ته‌نیا له دژی كورد، به‌ڵكو له دژی نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كانی تریش روویان دا، ئێمه‌ی عه‌ره‌بیش به‌شێك بووین له قوربانییانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر، زیاتر له هه‌زار كه‌سمان له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه رفێنراون و ئێسته‌یش بێسه‌روشوێنن.
دووپاتی كرده‌وه، "ئه‌گه‌ر ناپاكیی 16ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌بووایه، ئێسته هه‌رێمی كوردستان ده‌وڵه‌ت بوو، به‌ڵام خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ر شتێكی رێكخراو بوو به‌مه‌به‌ستی رێگرتن له به ده‌وڵه‌تبوونی كوردستان".
گوته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌بییه‌كان ئه‌وه‌یشی راگه‌یاند كه وه‌ك عه‌ره‌ب به‌رپرسیارێتی ناپاكیی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی سه‌ربه ئێران رێككه‌وتن، بۆیه وه‌ك خۆی گوتی "راشكاوانه ده‌ڵێم، خیانه‌ته‌كه له‌لایه‌ن لاهوور جه‌نگی و بافڵ تاڵه‌بانی رووی دا، پرسی بوونی ناكۆكی له نێوان كورد شتێكی تره، به‌ڵام وه‌ك عه‌ره‌ب میلیشیاكان ده‌یان تاوانیان له به‌رانبه‌رمان ئه‌نجام داوه له رفاندن ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر ژنان و كوشتنی پیاو، ئێمه داوای مافی ئه‌وانه ده‌كه‌ین".
حوێت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ین كه هۆكار بوون بۆ راده‌ستكردنی كه‌ركووك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بۆ میلیشیاكانی سه‌ربه ئێران، ته‌نانه‌ت ئه‌وان به به‌شێك له‌و تاوانانه بۆ سه‌ر عه‌ره‌بی سوننه و پێكهاته‌كانی تریش ده‌زانین، چونكه ئه‌وه‌ی رووی دا ناده‌ستووری بوو و ده‌ركه‌وت حكوومه‌تی عێراق و میلیشیاكان ددان به ده‌ستووری عێراق نانێن، چونكه به‌پێی ده‌ستوور نه‌ده‌بوو جه‌نگی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه سه‌ید عادل گلی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی هۆزه‌كانی كورد و عه‌ره‌ب و توركمانی ناوچه‌ی خورماتوو، بۆ "وشه" گوتی، 16ی ئۆكتۆبه‌ر بووه رووداوێكی مێژوویی، چونكه كورد دوای 15 ساڵ له فه‌رمانڕه‌وایی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان تا كه‌ركووك و خانه‌قین و بهرزایییهكانی حه‌مرین، له پڕێكدا هه‌مووی له ده‌ست دا، بۆیه كاره‌سات بوو.
گلی گوتی "له ناوچه‌یه‌كی وه‌ك خورماتوو كه 60-70 هه‌زار كورد ئاواره بوون و ته‌نیا رێژه‌یه‌كی گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌یشی گه‌ڕاوه‌ته‌وه وه‌ك داری بێ‌ئاو ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتێك نییه به‌رگرییان لێ بكات و زه‌لیل بوونه، ته‌نانه‌ت له خورماتوو یه‌ك سه‌رۆك فه‌رمانگه‌ی كورد ماوه".
زیاتر گوتی، دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ر ماده‌ی 140 نه‌ما، ته‌نانه‌ت له 15 ساڵی رابردوودا سه‌ردانی هه‌موو سه‌ران و به‌رپرسانی عێراقمان كرد بۆ جێبه‌جێكردنی ماده‌كه، به‌ڵام بێهووده، ئێسته زۆرینه‌ی زه‌ویی ناوچه‌كه به‌ناوی عه‌ره‌بی هاورده‌یه، بۆیه كورد ئه‌و شكۆیه‌ی جارانی نه‌ماوه و كه‌س نییه به‌رگری لێ بكات.
"وه‌ك كوردێك 16ی ئۆكتۆبهرم له‌یاد ناچێت و بووینه قوربانی چه‌ند كه‌سێك له‌ناو حزبه‌كان، بۆیه 16ی ئۆكتۆبه‌ر دۆزی كوردی 100 ساڵ گه‌ڕانده‌وه دواوه" سه‌ید عادل گلی وای گوت.