نیمار راستی و دروستی دەنگۆكانی گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە ئاشكرا كرد؟

:: AM:10:39:21/10/2018 ‌

نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی راستی و دروستی دەنگۆی هەوڵەكانی گەڕانەوەی بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرا كرد.

نیمار لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی رایگەیاند: هەموو ئەم دەنگۆیانەی چەند رۆژی رابردوو لەبارەی گەڕانەوەم بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنە بڵاو كرابوونەوە دوورن لە راستییەوە و هەمووی هەواڵی دڕۆن.

رۆژنامەكە پێشتر ئاشكرای كردبوو كە نیمار پەشیمان بۆتەوە لە جێهێشتنی ریزی یانەكەی پێشووی بەرشەلۆنە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كردبوو كە نیمار بەتەواوەتی پەشیمان بووەتەوە یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشتووە و چۆتە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان، چونكە پێیوایە ناتوانێ لە خولی فڕەنسا ئامانجەكانی بەدەستبێنێ و جگە لەوەش غەریبی كەش و هەوای شاری بەرشەلۆنە و هاوڕێیە نزیكەكانی لەو یانەیەدا دەكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردبووەوە كە گەڕانەوەی نیمار بۆ ریزی یانەی بەرشەلۆنە هەروا ئاسان نابێت، بەڵكو ئەستێرەكە دەبێت بە ئاشكرا داوای لێبوردن بكات و رازیش بێت مووچەكەی كەم بكرێتەوە و بۆ مەبەستی رۆیشتتنیش دەبێت پاڵەپەستۆ بخاتە سەر یانەی پاریس سان جێرمان.

جێی باسە نیمار لە هاوینی 2017 بە گرێبەستێك كە بەهاكەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو وەك گرانترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێدا ریزی یانەی بەرشەلۆنەی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانەوە كرد.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م