ریال مەدرید 2 بژاردەی بۆ دوای لۆپیتیگی هەیە

:: AM:11:33:21/10/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تا ئێستا 2 بژاردەی بۆ راهێنەرایەتی یانەكەی هەیە لە ئەگەری دەركردنی جولین لۆپیتیگی.

دوێنێ شەموو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 9ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی لیڤانتی دۆڕا.

یانەكە ئەمە پێنجەم یارییە لەسەر یەك ناتوانێ سەركەوتنی تێدا بەدەستبێنێ كە 4 یارییان لە خولی ئیسپانیا بووە لەگەڵ 1 یاری تر لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

یانەكە بەهۆی ئەم ئەنجامە خراپانەوە بەكۆكردنەوەی 14 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا ماوەتەوە.

رادیۆی (كادینا سێر)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: هەرچەندە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دوای شكستەكەی بەرامبەر یانەی لیڤانتی، پشتیوانی خۆی بۆ لۆپیتیگی دووپات كردۆتەوە، بەڵام لە هەمان كاتیشدا 2 راهێنەری تری بۆ شوێنی دیاری كردووە لە ئەگەری دەكردنیدا.

بژاردەی یەكەمی پێرێز بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید ئەنتۆنیۆ كۆنتی راهێنەری ئیتاڵییە كە لە كۆتایی وەرزی رابردوودا ئەركی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی ئینگلیزی لێ سەندرایەوە و ئێستا بێ كارە.

بژاردەی دووەمیش سانتیاگۆ سۆلاری راهێنەری تیپی لاوانی یانەی ریال مەدریدە (كاستیا) كە بەشێك لە ئەندامانی یانەكە پشتگیری لێ دەكەن و داوایان لە پێرێز كردووە هەلی پێ بدات بەتایبەتیش لە یاریی سێشەمی داهاتووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی ڤیكتۆریا بلزنی چیكی و یاریی كلاسیكۆی یەكشەمی داهاتوو بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید رەتی كردۆتەوە پەیوەندی لەگەڵ یواخیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و كیكی سانچێز فلۆرێسی راهێنەری یانەی ئیسپانیۆڵ بكات بۆ ئەوەی بەربژێریان بكات بۆ راهێنەرایەتیكردنی تیپەكەی لەدوای لۆپیتیگی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م