كادرێكی یەكێتی كە هاوكات لە هەڵبژاردنی 12ی ئایار كاندیدی ئەو حزبە بووە، ڕەخنە لە یەكێتی دەگرێ بەوەی تەنیا كچ یان ژن و خوشكی بەرپرسان دەنێرێتە پەرلەمانی كوردستان و عێراق و ڕێ بەوە نادات، ژنان لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی خۆیان دەنگ و سەنگی ڕاستەقینەی خۆیان دەربخەن.
ئاشتی عەبدوڵا كاندیدی دەرنەچووی یەكێتی بۆ پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، لەبەر ئەوەی بۆ پەرلەمانی عێراق خۆم كاندید بووم، هەر شتێكم بگوتایە، دەچووە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆمەوە، یان دەیانگوت لەبەر خۆی كە دەرنەچووە ڕەخنە دەگرێ، بەڵام بۆ پەرلەمانی كوردستان عەینەن تاس و حەمامی پەرلەمانی عێراقە و دەبێ بپرسین كام ژنانە ڕۆیشتن بۆ پەرلەمان.
ئاشتی نووسیویەتی، من ئومێدی زۆرم بە حزبەكەم هەبوو بەوەی ئاراستەیەك هەیە بە كردەیی دەیەوێ نوێ ببێتەوە و لەسەر ڕێبازی مام بێ و باوەڕی بە هاتنەپێشەوە و بەشداری سیاسیی ژنان هەیە لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی دەیەوێ دنیابینی ژنەكان نەك مێینەكان لە كایەی سیاسی ڕەنگ بداتەوە، بەڵام ئەوەی بینیمان و بینرا تەواو پێچەوانەی هیوا و تێڕوانینەكانمانە.
لە بەشێكی تردا ئاماژەی داوە، بۆ هەردوو پەرلەمان واتە عێراق و كوردستانیش زۆرینەی ئەو ژنانە هاتنە ناردن كە كچ یان ژن یان خوشكی بەرپرسن یان پاڵپشتێكی بەهێزیان هەیە، ئەوەی حیسابی بۆ نەكرا كاركردن بوو بە دروشمەكانمان و بە ڕێبازەكەمان، بەشداری ژنان لەسەر بنەمای لێهاتوویی و توانا و دەنگ و سەنگی ڕاستەقینەی خۆی، ئەوەی بینرا دووبارەبوونەوەی مەحسوبییەت و مەنسوبییەت بوو.
هێمای بۆ ئەوەیش كردووە، ئەم قسەیە تەنیا بۆ پەرلەمان نییە، بەهەمانشێوە لە پێكهێنانی حكوومەت و لە ئۆرگانە حزبییەكانیش بەمشێوەیە دەبێ، ئەم بڕیارانە لە هەر كوێوە درابن، پێچەوانەی خواستی ڕاستەقینەی یەكێتییە، ئەو یەكێتییەی سەدانی وەك من بەڵێنی نوێبوونەوەی بە خەڵك دا و بێ هیوابوون لەگەڵ بێ هیوایییەكانی ئێمە.
ئه‌و قسانه‌ی كاندیده‌كه‌ی پێشووی یه‌كێتی بۆ په‌رله‌مانی عێراق له كاتێكدایه، پێشتر ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه له لیستی یه‌كێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌گیرا، كه كه‌سێكی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی سه‌رۆكی لیسته‌كه‌یه و یه‌كێكی تریش ڕیزبه‌ندی دووه‌می لیستی یه‌كێتی گرتووه، ئه‌مه‌یش ناڕه‌زایی به‌شێك له كادرانی ئه‌و حزبه‌ی لێكه‌وته‌وه و هۆشداری توندیان دا كه له ناو حزب و له لیست و دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیش خه‌ریكه یه‌كێتی ده‌كه‌ن به حزبی بنه‌ماڵه، چونكه بافڵ تاڵه‌بانی و لاهور جه‌نگیش بێ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌سه‌ڵات و پۆستێكی باڵای حزبیان هه‌بێ، به ناوی یه‌كێتی بڕیار ده‌ده‌ن و له كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی حزب به‌شداری ده‌كه‌ن.