رەنگە ئەمڕۆ ریال مەدرید بۆ ریزبەندی 7ی یانەكانی ئیسپانیا دابەزێ

:: PM:12:02:21/10/2018 ‌

رەنگە ئەمڕۆ یەكشەم نەهامەتی زیاتر بەرۆكی یانەی ریال مەدرید بگرێ و بۆ ریزبەندی حەوتەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دابەزێ.

دوێنێ یەكشەم یانەی ریال مەدرید لە گەڕی نۆیەمی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنیچو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی لیڤانتی دۆڕا و بەهۆیەوە بەكۆكردنەوەی 14 خاڵ بۆ ریزبەندی پێنجەمی یانەكان دابەزی.

ئەمڕۆ یەكشەم هەر لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی نۆیەمی خولی ئیسپانیا 4 یاری تر بەڕێوە دەچن بەمشێوەی خوارەوە:

سەعات 1ی دوای نیوەڕۆ / رایۆ ڤالیكانۆ – خیتافی

سەعات 5:15ی سەر لە ئێوارە / ئیبار – ئەتلەتیك بیلباو

سەعات 7:30ی شەو / هویسكا – ئیسپانیۆڵ

سەعات 9:45ی شەو / ریال بیتیس – بەلەد وەلید

لەم یارییانەدا 3 یانە هەن دەتوانن شوێنی یانەی ریال مەدرید لە ریزبەندی پێنجەمی یانەكان زیاتر دابەزێنن بەمشێوەی خوارەوە:-

یانەی ئیسپانیۆڵ كە هاوتای یانەی ریال مەدرید 14 خاڵی هەیە و بەجیاوازی گۆڵ لە ریزی شەشەمی یانەكانە، ئەگەر لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بەرامبەر یانەی هویسكا سەركەوتن بەدەستبێنێ ئەوا یانەی شاهانە خانەیەك زیاتر دادەبەزێنێ.

یان یانەكانی ریال بیتیس و بەلەد وەلید كە هەردووكیان 12 خاڵیان هەیە، لە یارییەكەی ئەمڕۆدا سەركەوتن بەدەستبێنن ئەوا خانەیەكی تریش یانەی ریال مەدرید دادەبزێنن.

واتە بەسەركەوتنی ئەم یانانە لە یارییەكانی ئەمڕۆدا، یانەی ریال مەدرید بۆ ریزبەندی حەوتەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دادەبەزێنن و بەم ریزبەندییەش یانەی شاهانە بۆ وەرزی داهاتوو بەشداری لە هیچ پاڵەوانیەتییەكی ئەوروپا ناكات.

یانەی ریال مەدرید لەسەر دەستی راهێنەرەكەی جولین لۆپیتیگی لە وەرزی ئەمساڵدا لە 5 یاریی لەسەریەكدا ناتوانێ سەركەوتن بەدەستبێنێ، لە خولی ئیسپانیا 4 یاری لەگەڵ یارییەكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

ئەگەر یانەی ریال مەدرید ئەمڕۆ بۆ ریزبەندی حەوتەم دابەزێ، ئەوا یانەكە بۆ یەكەمجارە دوای تێپەڕبوونی 17 ساڵ لە ریزبەندییەكانی خولی ئیسپانیا ناگاتە هیچ خولێكی ئەوروپا بۆ وەرزی داهاتوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م