یانەسیبێك گەیشتە ملیارێك و نیو ملیۆن دۆلار زیاتر و بۆ كەس دەرنەچوو

:: PM:01:30:21/10/2018 ‌
یانەسیبی میگا ملیۆنەری ناسراوی ئەمەریكا، بڕە پارەكەی گەیشتە پارەیەكی خەیاڵی و جێی هەوڵدانی بەشێكی زۆری خەڵك بۆ بەدەستهێنانی، بەڵام بۆ كەس دەرنەچوو.

یانەسیبی میگا ملیۆنەر، یانەسیبێكی بەناوبانگی ئەمەریكییە، ساڵانە بڕە پارەیەكی زۆری لە لایەن كڕیاری بلیتی ژمارەكانەوە بۆ كۆ دەكرێتەوە، هەر كەسێكیش كۆدی سەر خەڵاتەكەی بۆ دەرچوو، دەبێتە خاوەنی پارەكە و دەیباتەوە.

ئەمساڵ ئەو یانەسیبە بۆ یەكەمین جار لە مێژوودا، بڕە پارەیەكی خەیاڵی تۆمار كرد كە پارەكەی گەیشتە ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە، هیچ كەسێك ئەو كۆدەی بۆ دەرنەچوو كە لەسەر خەڵاتەكەدا هەبووە.

ماڵپەڕی سكای نیوز بڵاوی كردەوە، ئەگەر كەسێك ئەو كۆدەی بۆ دەرچووایە، دەیتوانی ببێتە خاوەنی ئەو بڕە پارەیە، بەڵام بە دوو ئەگەر، یان 904 ملیۆن دۆلاری بە یەك جار وەردەگرت، یان بە شێوەی قیست تەواوی پارەكەی كە ملیارێك و 600 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی بوو، لە ماوەی 29 ساڵدا وەردەگرت.

سیپ ئەكین یەكێك لە بەڕێوەبەرەكانی ئەم خەڵاته، بە میدیاكانی ڕاگەیاندووە كە تا ئێستە تەنیا خەڵاتی پاوەربۆڵ گەیشتووەتە ملیارێك و 586 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2016دا، بەڵام ئەمە ژمارەی پێوانەیی شكاند، كەچی بۆ كەس دەرنەچوو.

شایانی باسە، تا ئێستە خەڵاتی یانەسیبی مێگا ملیۆنەر گەیشتووەتە 656 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2012، لەو كاتەوە هیچ بڕە پارەیەكی وەك ئەوەی ئەمساڵ زۆر دەرنەچووە، كە بلیتەكەی لە 44 ویلایەتی ئەمەریكی دەفرۆشرێت و تەنیا بۆ یەك كەس دەردەچێت.



وشە - ڕێناس شابان