باسی دیموكراتییان كردووە و ناوی كوردیان نەهێناوە
سووریا.. پەیەدە لەگەڵ فەرماندەكانی ڕووسیا كۆ بووەوە

:: PM:02:57:17/12/2016 ‌

سەرچاوەكان ئاشكرایان كرد، كە پارتی یەكێتی دیموكرات "پەیەدە" و حزبەكانی سەر بە پەكەكە لە ڕۆژئاوای كوردستان، سەردانی بنكەی حەمیمیمیان لە سووریا كردووە، كە بنكەی سەرەكیی سەربازانی ڕووسیایە و لەگەڵ نوێنەرانی ڕووسیا كۆ بوونەتەوە و داوای سیستەمی دیموكراتییان كردووە و بەهیچ شێوەیەكیش باسی مافی كوردیان لە ڕۆژئاوای كوردستان نەكردووە.

مستەفا عەبدی چالاكی كورد ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكە لەگەڵ فەرماندەیەكی سەربازی ڕووسیا لە بنكەی حەمیمیم و نوێنەری سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بووە، پەیەدە و حزبەكانی تر پڕۆژەی یەكێتی خاكی سووریایان دووپات كردووەتەوە و لە بەرامبەردا داوای سیستەمی دیموكراتییان كردووە و هەروەها دژایەتی خۆشیان بۆ ئەو حزبە كوردییانە دووپات كردووەتەوە كە داوای جیابوونەوە و دابەشكردنی سووریا دەكەن، مەبەست لێی حزبەكانی ڕۆژئاوای كوردستانە كە داوا دەكەن گەلی كورد لە ڕۆژئاوا بە مافی ڕەوای خۆیان بگەن.

ئەو چالاكە دەڵێ، پەیەدە و بزووتنەوەی كۆمەڵگەی دیموكرات و بزووتنەوەی چاكسازی و حزبەكانی بەشدار لە كانتۆنەكان لە كۆبوونەوەكە بەشدارییان كردووە.

جێی باسە پێشتر ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵا هاوسەرۆكی پەیەدە لە چەندان دیداری رۆژنامەوانی دووپاتیان كردووەتەوە، كە ئەوان هیچ كات بیر لە دابەشكردنی سووریا ناكەنەوە، بەڵكو بۆ یەكێتی خاكی سووریا تێدەكۆشن و خەبات دەكەن، هاوكات لەلایەن میدیاكانی دنیاوە دەیان بەڵگەنامە بڵاو بوونەوە كە پەیەدە لەگەڵ ئەسەد پێوەندی پتەوی هەیە و بووەتە پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ئەسەد لە باكور و باكوری رۆژهەڵاتی سووریا.

سەرچاوە/العربی الجدید.


وشە - باز ئه‌حمه‌د