كەركووك.. توركمان هەوڵەكانی یەكێتی شكست پێ دەهێنێت

:: PM:04:12:21/10/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕای دەگەیەنێت، ئێستە مامەڵەی عەرەب لەگەڵ یەكێتی خۆشترە وەك مامەڵەی توركمان و نایشارێتەوە تا ئێستە یەكێتی بۆ رێككەوتن لەسەر پۆستەكانی كەركووك، لەگەڵ ئەو دوو نەتەوەیە لە گفتوگۆدایە.

ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی گوت، یەكێتی هەوڵەكانی لە كەركووك بەردەوامە بۆ دانانی پارێزگارێك و گۆڕانكاری لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بەڵام لەلایەن توركمانەوە هەندێك كێشە ڕووبەڕووی كراوەتەوە.

زیاتر گوتی، مامەڵەی عەرەب لەگەڵ یەكێتی لە كەركووك خۆشترە وەك مامەڵەی توركمان، چونكە توركمان ڕۆژی داواكارییەكیان هەیە و لەسەر یەك داواكاری ناوەستن.

جەباری دووپاتی لەوەیش كردەوە كە كۆبوونەوەكانی یەكێتی لەگەڵ عەرەب و توركمان بەردەوام دەبێت بەو ئامانجەی كێشەی پۆستەكانی كەركووك كۆتایی بێت.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017ەوە لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە و لەو كاتەوە تا ئێستە شارەكە لەژێر حوكمی سەربازی بەغدایە و یەكێتی سەرباری ئەوەی خیانەتی كرد دەیەوێت پۆستەكانی شارەكە وەربگرێتەوە.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم