بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی كەركووك لە دووەم ساڵڕۆژی شەهیدبوونی پۆلێك لە كارمەندانی لە شەڕی بەرگری لە كەركووك دژ بە پەلاماری چەكدارانی رێكخراوی داعش بەیاننامەیەكی دەركرد.
ئەمڕۆ یەكشەم 21ی تشرینی دووەم/ ئۆكتۆبەر، ئیدریس رەفعەت بەرێوەبەری ئاسایشی كەركووك لە بەیاننامەیەكدا ڕای گەیاند، بە ناوی سەرجەم ئەفسەر و كارمەندانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی كەركووك، ماتەم و پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی (11) ئەفسەر و كارمەندی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی كەركووك دەكەم، كە لە رۆژی 21/10/ 2016 لە ئاكامی رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، لە شەڕێكی قارەمانانەدا گیانیان بەخشی لە پێناو ئارامی و سەقامگیری پارێزگای كەركووك.
" لە ساڵیادی شەهیدە سەربەرزەكانمان دا بەڵێن دووپات دەكەینەوە هەمیشە تێبكۆشین لەپێناو ئارامی و سەقامگیری هاووڵاتییان، هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم" بەرێوەبەری ئاسایشی كەركووك وا دەڵێت.