دوای كوژرانی خاشقچی پێگەی سعوودیە چی بەسەر دێت؟

:: PM:06:07:21/10/2018 ‌

دوای چەند هەفتەیەك لە ونبوونی لەناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ، بەرەبەیانی دوێنێ سعوودیە بەفەرمی دانی بە كوژرانی جەمال خاشقچی، راگەیانكار و رۆژنامەوانی بەرهەڵستكاری سعوودی لەناو كونسوڵخانەكەی لە ئیستەنبووڵ نا و بەو هۆیەوەیش 18 كەسی بە رەگەز سعوودی گرت و پێنج گەورە بەرەپرسی هەواڵگری و تەناهیشی لە كارەكەیان دوور خستەوە، بەڵام دوای كوژرانی خاشقچی پێگە سعوودیە چی بەسەر دێت و چۆن سەیری ئەو وڵاتە دەكرێت؟.

ئەو داننانەی سعوودیە بە كوژرانی خاشقچی دوای زیاتر لە دوو هەفتە دێت لە نكووڵیكردن لە بوونی پێوەندی و زانیاری لەوبارەوە، لەوكاتەیش كە هەریەك لە حكوومەتەكانی توركیا و سعوودیە لێكدانەوە و چیڕۆكی جیاوازیان لەو بارەوە لە راگەیاندنەكان بڵاو دەكردەوە، دۆسیەی خاشقچی گرنگییەكی گەورەی نێودەوڵەتی وەرگرت و هەریەك لە ئەمەریكا و فڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هیتریش داوایان لە سعوودیە كرد كە بە پەلە و بە وردی وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە كە چارەنووسی خاشقچی چی بووە؟، ئەگینا رووبەڕووی سزا دەبێتەوە بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەی ونبوونی خاشقچی.  

لەوكاتەی دوای راگەیاندنەكەی سعوودیە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا گوتی كە لێكدانەوەكەی سعوودیە باوەڕپێكراوە و هەنگاوێكی باشە و واباشترە كە سزا نەخرێتە سەر ریاز، ئەو هەڵوێستەیش لە چوارچێوەی هەنگاوەكانی پێشووی ترەمپە بۆ كردنی سعوودیە بە هاوپەیمانێكی باشی وڵاتەكەی و خاڵی گرنگی بناغەی سیاسەتەكانی دەرەوەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە هەمیشە دووپاتی دەكاتەوە ریاز گرنگی خۆی هەیە لە رووبەڕووبوونەوەی فرەوانبوونی دەسەڵاتەكانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرێبەستەكانی فرۆشتنی چەكی ئەمەریكا بۆ سعوودیە و كاریگەرییەكانی بۆ سەر دابینكردنی ژمارەیەكی زۆری هەلی كار لەو وڵاتەدا. 

لەوكاتەی خواكین كاسترۆ، ئەندامی دیموكراتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا گوتی، رەنگە گارید كۆشنێر زاوا و راوێژكاری ترەمپ پێوەندی بە كوژرانی خاشقچییەوە هەبێت، بەوەی لیستێكی بەناوی ژمارەیەك كەسایەتی بە محەمەد كوڕی سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە داوە بۆ دوژمنان و ئەوانەی پێویستە لەناو ببرێن، كە رەنگە محەمەد ئەوكارەی جێبەجێ كردبێت. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لێكۆڵینەوەی بە پەلەی لە رووداوەكە كرد كە لە دووی ئەم مانگە دوای چوونی بۆ ناو كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ دیار نەماوە. دواتر لە بەیاننامەیەك سەرەخۆشی خۆی بۆ خێزانی خاشقچی راگەیاند ودووپاتی لە ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی بە پەلە لە رووداوەكە و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی كرد.

دوای راگەیاندنی سعوودیە لەبارەی رووداوەكە وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا رای گەیاند كە هیچ لە بەرپرسانی بەشداری كۆنگرەی دەستپێشخەری داهاتووی وەبەرهێنان "داڤۆسی بیابان" كە سێشەمی داهاتوو لە ریاز ساز دەكرێت، ناكەن بەوەی گونجاو نییە ئامادەی لووتكەیەك بن لە سعوودیە. 

ماڵپەڕی "بزنس ئیسایدەر"ی ئەمەریكایی لای خۆیەوە رای گەیاند كە دۆسیەی ونبوونی خاشقچی بووەتە هۆی وەستانی كاتی گرێبەستێك بە بەهای دوو ترلیۆن دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای ئارامكۆی سعوودی لە بواری نەوت، ئەوەیش بەهۆی پاشەكشەی دێڤید شویمێر، سەرۆكی جێبەجێكاری بۆرسەی لەندەن لە كۆنگرەی دەستپێشخەری داهاتووی وەبەرهێنان لە سعوودیە بەهۆی ونبوونی خاشقچی.

سیناریۆكانی دوای لێدوانەكەی سعوودیە بۆ كوژرانی خاشقچی
سەرەڕای قێزەونی تاوانی كوشتنی خاشقچی، بەڵام ئەو رێوشوێنانەی سعوودیە و گرتنی 18 كەس و لەكارلادانی پێنج گەورە ئەفسەری هەوڵگری و تەناهی ودووبارە رێكخستنەوەی پەیكەری دەزگای هەواڵگری، هەموو ئەوانە دووپات لە بوێری و رژدی سعوودیە دەكەنەوە لە داننانە بە تاوانەكە و لێكۆڵینەوە لەگەڵ تێوەگلاوان، واتە بەهەمان شێوازی وڵاتانی رۆژئاوا و دیموكراسی كە ئەوەیش رەهەندیبَكی سیاسی هەیە. ئەگەرچی داننانی سعوودیە بە تاوانەكە دوای پاڵەپەستۆیەكی گەورەی نێودەوڵەتی و دەزگاكانی گەورەی راگەیاندن هات لە دووهەفتەی رابردوودا.   

ئەو داننامەی سعوودیە بەتاوانەكە پاڵەپەستۆكانی نێودەوڵەتی و راگەیاندنەكانی بۆ سەر كەم دەكاتەوە، بەڵام پێشبینی ناكرێت دۆسیەكە لێرەو بەو شێوەیە كۆتایی بێت، چونكە ئێمە لەبەردەم تاوانێكی كوشتنینكە رەهەندێكی سیاسی هەیە، واتە سوودوەرگرتنێكی سیاسییانە لەو تاوانەدا هەیە و یاریزانەكانیش بریتین لە سعوودیە و ئەمەریكا و توركیا، بۆیە سعوودیە لە ماوەی داهاتوو سەرقاڵ دەبێت بە سەلماندنی راستی قسەكانی و بەڕێوەبەردنی لێكۆڵینەوەكان بە شێوەیەكی دیودەرانە ووەڵامدانەوەی چەندان پرسیار لەو بارەوە لەلایەن ئەمەریكا و ئەوروپا بەتایبەتی بەهۆی بوونی كاریگەری سیاسی و ئابووری بۆ دۆسیەكە، جیا لە سەرقاڵی سعوودیە بە رێكخستنەوەی پەیكەری دەزگای هەواڵگرییەكەی كە سەلماندی لە ئاستێكی لاوازە وكەموكوڕی زۆری تیادایە.  

هەرچی توركیایە جیا لە لێكۆڵینەوە هاوبەشەكانی لەگەڵ سعوودیە، هەوڵی لێكۆڵینەوەی سەربەخۆیشی دەدات جیا لە دۆزینەوەی تەرمی خاشقچی كە سعوودیە دەڵێت رادەستی لایەنێكی توركیا كراوە، بۆ دوو مەبەستی تر ئەوانیش، هەوڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بۆ سوودوەرگرتن لە دۆسیەی كوژرانی خاشقچی و بەدەستهێنانی هەندێك سوودی سیاسی و ئابووری لە سعوودیە و ئەمەریكا، دووەمیش بۆ سەلماندنی متمانەیی توركیا كە بەهۆی ئەو دۆسیەوە زیانی بەركەوت. 

هەرچی ئەمەریكایە سێ هەڵوێستی دەبێت، یەكەم لەلایەن ترەمپ و كۆشكی سپییەوە كە پاڵپشتە بۆ سعوودیە، ئەگەرچی داوای روونكردنەوەی زیاتر لە سعوودیە دەكات، دووەم ئەندامانی كۆنگرێس لە زۆرینەی دیموكراتەكان و كەمینەیەكی كۆمارییەكان كە دەیانەوێ سوود لەو دۆسییە وەربگرن و بە هەڵوێستەكانی پێشووی ترەمپ بیبەستەوە وەك دۆسیەی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، ئەوەیش بۆ بەكارهێنانی لە هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس كە لە دجوو هەفتەی داهاتوو دێتە سازكردن، سێیەمیش میدیا و راگەیاندنەكانی ئەمەریكا بەتایبەتی رۆژنامەی "واشنتن پۆست" و وێستگەی "سی ئێن ئێن"، كە بەنەیاری سەرسەختی ترەمپ دادەنرێن لەوەتەی بووەتە سەرۆكی ئەو وڵاتە. 

بۆیە ئەوەی سعوودیە دانی پێدا نا دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی پاڵەپەستۆ لەسەر سعوودیە، بەڵام دۆسیەكە بەیەكجاری داناخات و تا ئێستەیش چەندان پرسیار لەو بارەوە هەن، بەتایبەتی رۆڵی بەشێك لە سەرانی ئەو وڵاتە لە تاوانەكە، جیا لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی هەریەك لە توركیا و ئەمەریكا، بۆیە پێشبینی دەكرێت كە دۆسیەی كوشتنی خاشقچی وەك تاوان ببێتە سیناریۆیەكی هاوشێوەی كوژرانی رەفیق حەریری سەرۆكی پێشووتری لبنان، لە رووی سیاسیشەوە دەبێتە هاوشێوەی تۆمەتی دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كە تا ئێستەیش ترەمپ نەیتوانیوە خۆی لێ دەرباز بكات، ئەگەرچی تا ئێستە بواری سوپرایز لەو دۆسیەدا بوونی هەیە.   





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل