رۆژنامەوانە سعوودیەكە بۆچی كوژرا؟

:: PM:07:19:21/10/2018 ‌

گۆڤارێكی ئەمەریكایی باسی دیدارێكی جەمال خاشقچی، رۆژنامەوان و راگەیاندنكاری سعوودی كە بەر لە دوو هەفتە لە كونسوڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ كوژرا، دەكات و تیادا محەمەد كوری بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعوودیە بە سەركردەیەكی عەشایەری و كۆن و وەهابی وەسف دەكات و ئەو داوای گۆڕینی رژێمی سعوودیە دەكات.

گۆڤاری "نیوزویك"ی ئەمەریكایی دیدارێكی خاشقچی لەگەڵ گۆڤارەكە بڵاو دەكاتەوە كە خۆی وەك بەرهەڵستكارێك بۆ محەمەد بن سەلمان نازانێت، بەڵام داوای چاكسازی دەكات.

خاشقچی لەو دیدارە نهێنییە كە ناوی خۆی تیایدا ئاشكرا نەكردووە، بە رۆلا جبریل پەیامنێری گۆڤارەكەی گوتووە، محەمەد كوری سەلمان كەسێكی چاكسازیخوازی ئیسلامی نییە، بەڵكو ئەو چاكسازیخوازی وەهابییە، هاوكات خاشقچی لە قسەكانیدا پاڵپشتی لە فرەییكردنی مەزەوەكانی لە سعوودیە كردووە.

ئەو رۆژنامەوانە سعوودیە محەمەد كوڕی سەلەمان وەك سەركردەیەكی عەشایەری كۆن وەسف دەكات كە وای دەبینێت چاكسازیكردنی لە یاسا كۆنەكانی سعوودیە شتێكی پێویست نییە، چونكە دەسەڵاتەكانی كەم دەكاتەوە، هەروەها ئەو كەسێكی زۆر متمانەی بەخۆی هەیە و متمانەیش بەكەس ناكات، بۆیە راوێژكاری گونجاوی نییە. 

خاشقچی دەڵێت كە خۆی بە بەرهەڵستكار بۆ رژێمی سعوودیە نازانێت و داوای رووخانی رژێمەكەیش ناكات، چونكە ئەوە كارێكی مەترسیدار و ئەستەمە و كەس تاتوانێت ئەنجامی بدات، بەڵام تەنیا داوای گۆڕینی دەكات.

لای خۆیەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رای گەیاند كە سێشەمی داهاتوو لێدوانی گونجاوی دەبێت لەبارەی دۆسیەی كوژرانی خاشقچی، ئەو پرسیاری كرد كە بۆچی 15 كەس هاتن بۆ ئیستەنبووڵ و بۆچی 18 كەس لە سعوودیە گیران، دەبێت ئەوان روون بكرێنەوە. بۆیە سێشەم لەبەردەم پەرلەمان جیاواز لە پێشتر قسە دەكەم و دەچمە ناو وردەكاری بابەتەكەوە.   






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل