هاووڵاتییانی سلێمانی تووشی كێشەیەكی تر بوون

:: PM:09:33:21/10/2018 ‌
هەرچەندە بڕیاربوو دوای سێ ساڵ لە جێبەجێكردنی، دەست بە خوێندنەوەی پێوەری میكانیكی ئاو بكرێت لە سلێمانی، بەڵام تا ئێستە نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و هاووڵاتییانیش دەڵێن، چەند ساڵێكە پێوەریان داناوە و هێشتا خوێندنەوە دەستی پێ نەكردووە.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، تا ئێستە هەندێك لە ئامێر و كارەكان بە تەواوی ئامادەكاریان بۆ نەكراوە، بۆیە تا ئێستە پرۆسەی خوێندنەوەی پێوەری میكانیكی ئاو نەچووەتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

زیاتر گوتی، گرێبەستی دانانی پێوەرەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ بووە لەگەڵ كۆمپانیا كە سەرەتای دەست پێ كردنی پرۆژەكە بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان پێوەریان دانەناوە.

هاووڵاتییان باس لەوە دەكەن سێ ساڵ زیاتر دەبێت پێوەری ئاویان داناوە و بەشێكیان پێوەرەكانیان تەقیووە و بەهەڵە بەستراوە و ئاوی لێ دەچێت و ماڵ هەیە زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت پێوەری كڕیوە بۆی نەبەستراوە.

لەبەرانبەردا بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی دەڵێت، پێوەرەكان لە وەرزی زستان كە سارد دەبێت تووشی تەقین دەبن، بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییانیش كە ساڵانێكە پێوەریان داناوە چاوەڕێی خوێندنەوەی پێوەر دەكەن، ئەو بابەتەیش پێوەندی بە چەند ئامێرێك و تەواوبوونی كارەكان هەیە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم