رووسیا: لە ئەگەری پاشەكشەكردنی لە پەیماننامەی مووشەكی وەڵامی واشنتن دەدەینەوە

:: PM:09:55:21/10/2018 ‌

سەرۆكی لیژنەی پێوەندییەكانی نێودەوڵەتی لە ئەنجوومەنی پیرانی رووسیا دووپاتی كردەوە كە دوای پاشەكشەی ئەمەریكا لە پەیماننامەی رووسیا- ئەمەریكا لەبارەی مووشەكە ناوەند و كورت مەوداكان، مۆسكۆ وەڵامی واشنتن دەداتەوە. 

قوستەنتین كۆساچۆڤ، لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنی ئەمڕۆ یەكشەم رای گەیاند، پێویست ناكات وەڵامی واشنتن لە پەیماننامەكە خۆی بدەینەوە، بەقەد پێویستی وەڵامدانەوە هەیە بۆ رێوشوێنەكانی ئەمەریكا دەیانگرێتە لە دوای ئەوەی ئازاد دەبێت لە پەیماننامەكە، بۆیە وەك ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا گوتی، رووسیا ئامادەسازی سەربازی هەیە و راستەوخۆ وەڵام دەداتەوە.

زیاتر گوتی، لە كڕۆكی بابەتەكە تێدەگەین كە ئەمڕۆ زانیاری نهێنین، هەروەها دڵنیام كە ئەمەریكاییەكان تەواو دەزانن كە باسی چی دەكەین.

لای خۆیەوە میخایل گۆرباچۆڤ، سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو لەو بارەوە گوتی، ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا قبووڵ نەكراوە و ئیمزاكردنی رێككەوتننامەكە سەركەوتننێكی گەورە بوو، بۆیە بڕیارێكی نابەرپرسیارانەیە وپێویستە ئەو پرسە لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش باس بكرێت، چونكە پێوەندی بە هەموو دنیاوە هەیە و ناكرێت ئەمبارەكانی چەكی ئەتۆمی سەر لە نوێ پڕ بكرێنەوە. 

پەیماننامەی لابردنی مووشەكی ناوەند و نزیك مەودا لە نێوان رووسیا و ئەمەریكا لە دیسێمبەری 1987 لە واشنتن لە نێوان رۆناڵد رێگان سەرۆكی ئەمەریكا و میخایل گۆرباچۆڤ سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەت هاتە واژووكردن بۆ خۆرزگاركردنی هەردوولا لەو جۆرە مووشەكانە كە تا مایۆی 1991 بەردەوام بوو تیایدا رووسیا 1752 مووشەكی بالیستی و باڵدار و ئەمەریكایش 895 مووشەكی لەناوبرد.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل