لە ماوەی رابردوودا عێراقییەكان گەشبین بوون بە چوونەپێشەوەی دۆخی سیاسی لەو وڵاتە و پڕكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆكایەتی و راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام سەرەڕای نزیكبوونەوەی وادەی راگەیاندنی حكوومەتەكەی و دەنگدانی پەرلەمانی لەسەری، چەندان پرسیار ئامادەن و لە بیری عێراقییەكان دێن و دەچن، ئاخۆ لەبەرانبەر ئەو هەموو تەنگژە و كێشانەی كە هەیە و دەبێت، حكوومەتی نوێ دەتوانێت بەردەوام بێت؟.
سەرووی پرسیارەكان ئەوەیە كە ئاخۆ حكوومەتی نوێ دەتوانێت دووبارە هیوا لەناو دەروونی عێراقییەكان دروست بكاتەوە و كەڕامەتی ونبوویان بۆ بگەڕێنێتەوە؟، حكوومەتی نوێ لەبەرانبەر چەندان كێشەی گەورە و پاڵەپەستۆی ناوخۆیی و دەرەكی خۆی دەبینێتەوە و كەسیش چاوەڕوانی موعجیزە لە عەبدولمەهدی ناكات، بەڵام گەلی عێراق چاوی لە كاری رژدە بۆ چاكسازی سیاسی و ئابووری و دروستبوونی سەقامگیری و پێڕەوكردنی گورزێك لە چاكسازی ئابووری و كۆمەڵایەتی و كارگێڕی و تەناهی و بنیاتنانەوەی ژێرخان وباشتركردنی خزمەتگوزارییەكان ودابینكردنی ئاوی پاك وكارەبا و گرنگیدان بە كەرتی تەندروستی و فێركردن و دابینكردنی بیمەی كۆمەڵایەتی و هەلی كار و ئەنجامدانی چاكسازی سیاسی و چارەسەركردنی گۆڕانكاری دیمۆگرافی كە لەچەند ناوچەیەك دەكرێت و كراوە.
بۆیە گەڕاندنەوەی شكۆی دەوڵەت و دامەزراوە سەربازییەكان گرنگییەكی لەپێشینەی ئەو حكوومەتە دەبێت دوای پاشەكشەكردنی رۆڵی بەهۆی فرەوانبوونی دەسەڵاتەكانی حەشدی شەعبی و سەرانی ئەو هێزانەی هاوپەیمان بۆ ئێران و دەستوەردانیان لە بڕیاری سیاسی و تەناهی لە عێراق، بەتایبەتی كاتێك باڵە سیاسییەكانی ئەو گرووپە چەكدارانە لە هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو دەستكەوتی باشیان هەبوو لە پەرلەمان و زۆرینەی ئەو گرووپانەیش سەر بە عەلی خامنەیی رابەری شۆرشی ئێرانن و لە رووی رێكخستنەوەیش سەر بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانن، كە سەرپەرشتی مەشق و چەكداریكردنی 40 گرووپ لە كۆی 71 گرووپی چەكداری لە عێراق دەكات و دەستەی حەشدی شەعبی پێك دێنن.
بەو پێیەی دەستوور رێگە نادات بە بەكارهێنانی خاكی عێراق وەك خاڵی هێرشكردنە سەر وڵاتانی تر، بۆیە عەبدولمەهدی دەكەوێتە بەردەم كێشەی گەڕاندنەوەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی كە لە سووریا لەپاڵ هێزەكانی رژێمی سووریا دەجەنگن، چونكە ئەو دەبێتە فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی راستەوخۆ سەر نووسینگەی ئەو دەبن. جیا لەوەی هەر حكوومەتێكی عێراقی بێت پێویستە هەوڵی چەكداماڵینی گرووپە چەكدارەكان بدات، بۆ یەكخستنی لایەنگری ئەوان لە نێوان لایەنگری بۆ دەوڵەت یان مەرجەعیەتی باڵای نەجەف یان خامنەیی.
هەروەها پێویستە چارەسەری كێشەكانی رۆژانەو تەنگژەكانی ئابووری و دروستكردنی ئاشتەواییەكی نیشتیمانی راستەقینە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراق بكات بۆ رێگە نەدان بۆ رووچوونی عێراق بۆ ناو پشیبَوی تەناهییەوە، بۆیە سەركەوتنی عەبدولمەهدی دەوەستێتە سەر توانای بۆ سەقامگیركردنی تەناهی و نەهێشتنی ژینگەی گەشەكردنی گرووپە توندڕۆكان لە رۆژئاوا و باكوری رۆژئاوای عێراق وگەڕاندنەوەی متمانە لە نێوان حكوومەت و سوننە و چارەسەركردنی تەنگژەی ئاوارەكان بەیەكجاری و دیاریكردنی چارەنووسی هەزاران ونبوو لەكاتی جەنگی داعش.
پێویستە حكوومەتی داهاتوو جەنگی گەندەڵی دەست پێ بكات كە بەپێی راپۆرتی رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لە 2017 ولە كۆی 180 دەوڵەت عێراق لە پلەی 169یەم دێت، جیا لە بەهەدەردانی سامانی دەوڵەت و دەرهێنانی عێراق لەناو گەردەلوولی شكستخواردوویی و تەنگژەكان و پشت نەبەستن چیتر لە ئابووری سێبەر.
یەكێكی تر لە كێشە ئاڵۆزەكان دانانی رێڕەوێكی نوێی پێوەندییە لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كێشەلەسەرەكان بەتایبەتی كەركووك لە نێوان عەرەب و كورد و توركمان و دابەشكردنی داهات و گومرگ و داهاتی نەوتی دەرهاتوو لە هەرێمی كوردستان و ئەوەیشی پیایدا تێپەڕ دەبێت لە نێوان هەردوولا.
لە رووی نێودەوڵەتیشەوە سزاكانی ئەمەریكا كە بڕیارە لە چواری مانگی داهاتوو بێتە سەپاندن كێشەیەكی گەورەیە بۆ حكوومەتی عێراق كە عەبدولمەهدی پێویستی بە هاوسەنگیركردنە لە نێوان هەردوولا كە شكانەوە بەلای هەریەكەیان دەیخاتە بەردەم سزاكانی لایەنەكی تر.
بۆیە ئەگەر حكوومەتی عەبدولمەهدی بەلای ئێران بشكێتەوە و پابەندی دووەم گەڕی سزاكانی ئەمەریكا نەبوو بۆ سەر ئێران، واتە هەنگاوێكی مەترسیداری لە نەیاریكردنی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هاوێشتووە و دەچێتە ریزی وڵاتانی كۆریای باكور و چین كە كەوتوونەتە ژێر سزاكانەوە، بۆیە ئەو هەنگاوە مەترسیدار دەبێت، بەڵام ئاخۆ حكوومەتی عەبدولمەهدی دەتوانێت بەرگەی لێكەوتی بڕیارەكەی بگرێت ئەگەر بەو شێوەیە بیدات؟.