سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده و ناردهكارانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد، جێگره‌وه‌ی ئێرانیان ده‌سته‌به‌ركردووه، تا خۆراك و كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی لێ هاورده بكه‌ن و بۆ كوردستانی بهێنن و ڕێ له به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كاڵاكان بگرن، به‌هۆی ڕێگری ئێران له هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی.
مسته‌فا عه‌بدولره‌حمان سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده و ناردهكارانی هه‌رێمی كوردستان به پێگه‌ی "
شه‌فه‌ق نیوز"ی ڕاگه‌یاند، زۆرینه‌ی ڕه‌های بازرگان و هاورده‌كارانی ئه‌ندامی یه‌كێتییه‌كه‌مان به‌شێك له‌و كه‌لوپه‌لانه‌یان له‌ده‌ستداوه كه پێشتر له كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه ده‌هاتن، به‌ڵام بۆ ده‌سكه‌وتنی هه‌مان كاڵا و كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی ڕوومان له توركیا كردووه، وه‌ك جێگره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران.
ئاماژه‌ی دا، ئێسته ته‌ماته له توركیاوه ده‌هێنرێته كوردستان، شیرهمهنییهكانیش له یۆنانه‌وه هاورده ده‌كرێن، بۆیه هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه بۆ سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی له هه‌رێمی كوردستان، چونكه ده‌توانین له وڵاتانی تر هاورده‌ی بكه‌ین و ڕێ له به‌رزبوونه‌وه‌ی زۆری نرخ بگرین.
سه‌رۆكی یه‌كێتی هاورده و ناردهكارانی كوردستان گوتی، گرنگترین كێشه خوارده‌مه‌نی ڕۆژانه و سه‌وزه و میوه‌یه كه پێشتر به ڕێژه‌یه‌كی ڕه‌ها له ئێرانه‌وه هاورده‌ی كوردستان ده‌كرا، به‌ڵام ئێسته ته‌ماته كه ماوه‌یه‌ك نرخی گرانبوو، له توركیاوه ده‌هێنرێته كوردستان و نرخه‌كه‌ی ئاسایی بووه‌ته‌وه.
له كۆتایی قسه‌كانی ڕوونی كرده‌وه، ڕه‌نگه ئه‌و كه‌لوپه‌له خوارده‌مه‌نیانه‌ی له وڵاتانی تره‌وه له‌جیاتی ئێران ده‌یهێنینه كوردستان نرخه‌كه‌ی تۆزێك زیاتر بێ، چونكه ڕێگاكه دوورتره‌وه و تێچووی زیاتری ده‌وێ، به‌ڵام به گشتی هه‌ڵئاوسان و به‌رزبوونه‌وه‌ی زۆری نرخ ڕوو نادات.
جێی باسه له ژماره‌ی هه‌فته‌ی ڕابردووی هه‌فته‌نامه‌ی "وشه" ڕاپۆرتێك له‌وباره‌وه بڵاوكرایه‌وه و به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه و به‌رپرسانی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان، جیا له توركیا و یۆنان، پۆڵه‌نداش كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی هه‌نارده‌ی كوردستان ده‌كات و وه‌ك جێگره‌وه‌ی ئێران له دابینكردنی كاڵاكان ڕۆڵ ده‌گێڕێت.