به‌رهه‌می په‌تاته‌ی ناوخۆی ساڵی ٢٠١٧ كه‌متره له ٢٠١٦، به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، به‌رهه‌می ئه‌مساڵ ١٥% ی له پار كه‌متر ده‌بێت. پار كه خه‌ڵكی كوردستان زیاتر له ٣٣٠ هه‌زار تۆن په‌تاته‌یان خواردووه، ١١٦ هه‌زار تۆنی هاورده بووه، له كاتێكدا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ده‌مێكه ئاستی خۆبژێوی له په‌تاته‌دا ڕاگه‌یاندووه!.
مه‌روان عومه‌ر پیشه‌ی چاندنی په‌تاته‌ی له باوكییه‌وه بۆ ماوه‌ته‌وه و ٢٨ ساڵه ئه‌و كاره ده‌كات. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌و كه ته‌واو شاره‌زای كون و كه‌له‌به‌ری كاره‌كه‌ی بووه، ئێسته په‌ره‌ی به كاره‌كه‌ی داوه و كۆمپانیای بواری كشتوكاڵی دامه‌زراندووه، كه جیا له هاورده‌كردنی په‌تاته‌ی چاندن له وڵاتانی پێشكه‌وتوو، ساڵانه زیاتر له 200 هه‌زار تۆن به‌رهه‌می په‌تاته له زه‌وییه‌كانی پێشكه‌شی بازاڕ ده‌كات. له كاتی چاندن و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی به‌رهه‌می په‌تاته، زیاتر له ٢٠٠ كه‌س به ڕۆژانه له كێڵگه‌كه‌ی مه‌روان نان ده‌خۆن. كه‌چی سه‌رباری ئه‌وانه‌یش جار هه‌یه ڕه‌نج به‌خه‌سار ده‌بێت. مه‌روان ده‌ڵێ "له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌كانمان، بازاڕ پڕ ده‌بێت له په‌تاته و تۆیش ناچاری به‌هه‌ر نرخێك بێت بیكه‌یته‌وه پاره كه زۆرجار زیان ده‌كات".
یه‌ك له‌و جووتیارانه‌ی زیان وازی پێ له چاندنی په‌تاته هێناوه، محه‌مه‌د حوسێنی جووتیاره. سه‌رباری ماندوویی پێگه‌یاندنی به‌رهه‌م، ته‌نیا پێرار له ٢٥٠ تۆن په‌تاته‌كه‌ی زیانێكی زۆری به‌ركه‌وتووه. هه‌ر ئه‌و زیانه وای لێ كردووه واز له په‌تاته بهێنێت و ئێسته له‌ناو خانووی پلاستیكیدا خه‌یار بچێنێت. ئه‌و ده‌ڵێ "چه‌ند جووتیارێكی ناسیاوم وه‌ك من وازیان له په‌تاته هێناوه و به‌رهه‌مێكی تر ده‌كه‌ن". وه‌نه‌بێت محه‌مه‌د هێنده‌ش له سوودی به‌رهه‌مه نوێیه‌كه‌ی ڕازی بێت، به‌ڵام ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر كارێكی ترم ده‌ست بكه‌وێت، به‌یه‌كجاری واز له كشتوكاڵ ده‌هێنم، چونكه خێری زۆر كه‌مه".
زیانكردنی جووتیاران و مه‌ترسیی ساغ نه‌بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كانیان له بازاڕ، ئاماژه‌یه بۆ كه‌مبوونی به‌رهه‌می خۆماڵی و به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به‌رهه‌می په‌تاته‌ی ساڵی ٢٠١٧ ی ناوخۆی كوردستان، ٢١٣ هه‌زار و ٩١٦ تۆن بووه، كه ٦٥%ی بڕی به‌كاربراوه و له‌مساڵه‌دا ٣٣٠ هه‌زار و ١٣٤ تۆن په‌تاته له بازاڕه‌كانی كوردستان ساغ بوونه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، خواستی خه‌ڵكی كوردستان بۆ به‌رهه‌می په‌تاته ١٠٠ هه‌زار تۆنه و زیاتر له چوار ساڵه دوو به‌رانبه‌ری ئه‌وه، كوردستان به‌رهه‌می په‌تاته‌ی هه‌یه، كه‌چی به‌رده‌وامیش له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت و له‌و ساڵه‌شدا ١١٦ هه‌زار و ٢١٨ تۆن په‌تاته له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان هاورده كراوه.
هه‌ر به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌ت، ساڵی ٢٠١٦ بڕی به‌رهه‌می په‌تاته‌ی ناوخۆ، ٢٤٣ هه‌زار و ٣٥٦ تۆن بووه و بڕی بهكاربراویش له‌و ساڵه‌دا ٣٢١ هه‌زار و ٢٨٨ تۆن بووه.
به‌و پێیه بڕی په‌تاته‌ی ساڵی ٢٠١٧ به به‌راوردی ٢٠١٦، به‌رهه‌می ناوخۆی كوردستان ٢٩ هه‌زار و ٤٤٠ تۆن كه‌می كردووه و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه، بڕی به‌كاربراو هه‌شت هه‌زار و ٨٤٦ تۆن زیادی كردووه.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه سه‌میر ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، بڕی به‌رهه‌می په‌تاته‌ی ناوخۆی ٢٠١٨، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ١٥%ی تریش كه‌متر بێت له به‌رهه‌می ساڵی ٢٠١٧.
بۆ ڕێگریكردن له دابه‌زینی ئاستی به‌رهه‌می خۆماڵی، جیا له پلان، پێویستی به بودجه هه‌یه و سه‌میر ئیسماعیل ده‌ڵێ، "ئێسته هیچ یارمه‌تییه‌كی جووتیارانمان پێ نادرێت و ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتماندا بێت، دانانی باجه له‌سه‌ر به‌رهه‌می هاورده".
وه‌ك پاڵپشتی به‌رهه‌می خۆماڵی، ساڵانه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌كانی ناوخۆ، گومرگ له‌سه‌ر هاورده داده‌نێت، كه به‌پێی لیستی دانانی باجی گومرگی له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می خۆماڵی بۆ ساڵی ٢٠١٨ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو؛ به‌رهه‌می سه‌وزه و میوه كه له نیوه‌ی مانگی چواره‌وه تا نیوه‌ی مانگی دوانزه (به‌پێی كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م)، بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك هاورده، له ٢٥٠ دیناره‌وه تا ٣٠٠ دینار له سنووره‌كانی گومرگ وه‌رده‌گرێت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هاورده له بازاڕه‌كانی كوردستان نه‌توانن ڕكابه‌ری به‌رهه‌می خۆماڵی بكه‌ن و جووتیاران مایه‌پووچ بكه‌ن.
سیاسه‌تی وه‌زاره‌ت سوودێكی ئه‌وتۆی بۆ جووتیاران نه‌بووه، ئاخر كاتێك به‌غدا نیوه‌ی گومرگی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت، بازرگانان له سنووره‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه‌وه زۆر په‌تاته هاورده‌ی كوردستان ده‌كه‌ن، كه جووتیاران به پێویستی ده‌زانن له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ناوخۆ، له بری باج، به یه‌كجاری هاورده ڕابگیرێت.
ئێسته كه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ به بیانووی ته‌نگژه‌ی دارایییه‌وه هیچی بۆ جووتیاران پێ نییه، جووتیارانی به‌رهه‌می په‌تاته له وه‌زاره‌ت ده‌خوازن ڕێیان بدات له گۆشه‌یه‌كی كێڵگهكهیاندا ساردخانهیهك بنیات بنێن، تا بۆ ماوه‌یه‌ك به‌رهه‌مه‌كانیانی تێدا هه‌ڵبگرن و به پێی پێویست بیخه‌نه بازاڕه‌وه. ئه‌و بازاڕه‌ی له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م، توانای هه‌رسكردنی ئه‌و بڕه زۆره‌ی نییه و به‌یه‌كجار نرخه‌كه‌ی داده‌به‌زێنێت.
وشه/ هه‌ولێر. چواس خالید