ئەمەریكا و ئەڵمانیا كێكی كارەبای عێراق چۆن دابەشدەكەن؟

:: AM:10:43:22/10/2018 ‌
سیمنزی ئەڵمانی و جەنەڕاڵ ئەلكتریكی ئەمەریكی دوو لێكتێگەیشتنی جیاواز لەگەڵ وەزارەتی كارەبای عێراق واژوو دەكەن بۆ پێشخستنی ژێرخانی كارەبا و بەرهەمهێنانی 15 گێگاوات كارەبا، بەمەش ساڵانە سێ ملیار دۆلاری كڕینی غازی سروشتی لە ئێرانەوە دەبێتە داهات و دەیان هەزار هەلی كاریش دەرەخسێنن.


وەزارەتی كارەبای عێراقی ئاشكرای دەكات كە رێككەوتنی لەگەڵ كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلكتریكی ئەمەریكی و سیمنزی ئەڵمانی لەبارەی گرێبەستی پێشخستنی ژێرخانی كارەبای عێراق واژوو كردووە، ئەگەرچی وەزارەتی كارەبا وردەكاری گرێبەستەكەی ئاشكرا نەكردووە، بەڵام هەردوو كۆمپانیا زەبەلاحەكە لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا بەشێك لە ناوەڕۆكی گرێبەستەكەیان ئاماژە پێكردووە.

سێكتەری كارەبا لە عێراق دوای 2003، بە رێژەی 60%ی پێداویستی خەڵك بۆ كارەبا كەمی كردووە، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا وەزارەتی كارەبای عێراق دەیان گرێبەستی بۆ پێشخستنی ژێرخانی كارەبا و زیادكردنی بەرهەم واژوو كردووە، بەڵام بەشێكی زۆری گرێبەستەكان لەگەڵ كۆمپانیای وەهمی بووە و ئەوانی تریش نەیانتوانیوە یەك گێگاوات كارەبا زیاد بكەن، ئەمەش وایكردووە دۆسیەی گرێبەستەكانی وەزارەتی كارەبا بە یەكێك لە گەندەڵترین دۆسیەكان بناسرێت كە كۆی گشتی گەندەڵییەكانی ئەو وەزارەتە سەرووی 20 ملیار دۆلارە، هەندێكیش دەڵێن نزیكەی 50 ملیار دۆلار دەبێت.
بەرپرسێك لە وەزارەتی كارەبا دەڵێ، هێشتا گرێبەست لەگەڵ سیمنز و جەنەڕاڵ ئەلكتریك یەكلایی نەكراوەتەوە و ئەو پرسە بۆ حكوومەتی نوێ بەجێ دەمێنێت تا بڕیاری لەسەر بدات كە ئاخۆ كام كۆمپانیا هەڵدەبژێرێت یان گرێبەستەكە دەدات بە هەردوو كۆمپانیا بە هاوبەشی.

ترەمپ شیرینییەكە لە ئەڵمانەكان دەبات و هەڕەشەش لە عێراقییەكان دەكات
هەوڵەكانی عێراق  بۆ پێشخستنی سێكتەری كارەبا نزیك بوو لەوەی لەگەڵ كۆمپانیا زەبەلاحی سیمنزی ئەڵمانی گرێبەست بكات، گفتوگۆكانی نێوانیان زۆر هەنگاویشی بڕی، بەڵام ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەستوەردانی كرد و دەستەوارەكەی سیمنزی پووچەڵ كردەوە كە بە بەهای 15 ملیار دۆلار بوو، ئەمەش دوای ئەوە هات كە بەرپرسانی باڵای ئەمەریكی هەڕەشەی ئەوەیان لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواو بوو كرد ئەگەر گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیا جەنەڕاڵ ئەلكتریك واژوو نەكات ئەوا داهاتووی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و عێراق مەترسی لەسەر دەبێت.

پێوەند بەو پرسە گاریت ماركیز گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا دەڵێ هەوڵەكانی ئەمەریكا لە چوارچێوەی هەوڵە بەهێزەكانی دایە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، كە ئێران بەرپرسانی سیاسی عێراقی بە ئاراستەی گرێبەست كردن لەگەڵ سیمنز برد، بۆ لێدان لە پێوەندییەكانی ئەمەریكا.

گوتی "لەگەڵ عێراق لێكتێگەیشتنمان واژوو كردووە لە سێكتەری وزە، كە وابكات عێراق لەو سێكتەرە سەربەخۆ بێت و چیتر پشت بە هاوردەكردنی غازی سروشتی ئێران نەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا".
جێی باسە رۆژانە عێراق 12 ملیۆن مەتر سێجا غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە دەكات بۆ كار پێكردنی پێنج یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەمەش لە كاتێكدا حكوومەت نەیتوانیوە سوود لە غازی سروشتی خۆی وەربگرێت كە رۆژانە ملیۆنان مەتر سێجا لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی نەوت دەسووتێنرێن.

سیمنز: رێككەوتنێكی مێژوویییە
ئەگەرچی كۆمپانیای زەبەلاحی سیمنز چانسی بردنەوەی گرێبەستەكەی هەبوو ئەگەر دەستوەردانی ئەمەریكا نەبووایە، بەڵام فلیپ ئینبس گوتەبێژ بەناوی سیمنز دەڵێ پێمان وایە پلانی ئێمە بۆ پێشخستنی كارەبا لە عێراق سوودی زیاتر و گشتگیرتر بوو بۆ گەلانی عێراق، پلانەكە زۆر لە ژێرخان دوورمەودا تر بوو.

ئەو قسەیەی فلیپ لە كاتێكدا كە كۆمپانیاكەیان چانسی بردنەوەی گرێبەستەكەی زیاتر بوو بە دەبووایە 11 گێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن كە بەهای گرێبەستەكە 15 ملیار دۆلار بوو، بەڵام كۆمپانیاكە ئێستە ناچارە لەگەڵ جەنەڕاڵ ئەلكتریك هاوبەشی بكات، ئەگەر گوشارەكانی ئەمەریكا بە تەواوەتی دووری نەخەنەوە!

بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی كارەبا ئاشكرای دەكات كە گوشارەكانی ئەمەریكا لەسەر عەبادی زۆر توند بوون، عەبادی هیچ بژاردەی تری لەبەردەم نەبوو جگە لە واژوو كردنی گرێبەست لەگەڵ جەنەڕاڵ ئەلكتریك، گوتی "بەڵام قسەی كۆتایی هێشتا نەكراوە كە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەیكات، یان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیاكە گرێبەست دەكات یان یەكێكیان".
 لای خۆیەوە جۆ كایسەر بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە سیمنز دەڵێ لێكتێگەیشتنەكە لەگەڵ عێراق "رێككەوتنێكی مێژووییە بۆ سیمنز".

جەنەڕاڵ ئەلكتریك: چیتر عێراق پشت بە غازی سروشتی ئێران نابێت
بەگوێرەی رێككەوتنەكەی نێوان وەزارەتی كارەبای عێراقی و جەنەڕاڵ ئەلكتریك بێت، ئەوا كۆمپانیاكە دەبێت تا ساڵی داهاتوو 1.5 گێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت كە بە وزە كار دەكات، بەمەش رووناكی بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار خانوو دابین دەكرێت.

كۆمپانیاكە لە تویتێكدا  دەڵێ پلانی داهاتوویان بۆ عێراق هەیە كە 14 گێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنن كە بە وزە كار بكات، لەگەڵ رەخساندنی 65 هەزار هەلی كار و كۆمەككردنی حكوومەت بۆ دەستخستنی سێ ملیار دۆلاری ساڵانە.

كۆمپانیای جەنەڕاڵ ئەلكتریك كە ئۆفیسی سەرەكی لە بۆستنە، لە هەوڵدایە تا هاوینی داهاتوو دوو بۆ سێ گێگاوات كارەبا بەرهەم بهێنێت، بەرپرسانی ئەمەریكیش هیوا دەخوازن پێش پێنجی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەر، سەپاندی گەڕی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران رێككەوتنەكە واژوو بكرێت.
 
جەنەڕاڵ ئەلكتریك دەیان بەڵێنی گەورە بە حكوومەتی عێراق دەدات لەوانە دروستكردنی نەخۆشخانە لە بەسڕە، پشتگیری كردنی خزمەتگوزاری دابینكردنی ئاوی خاوێن لە بەسڕە، دامەزراندنی ناوەندێك بۆ تەكنۆلۆژیا و ناوەندێكی چاك كردنەوە و ناوەندێكی چاودێری و دەستنیشان كردن و ناوەندێكی راهێنان، هەروەها قەرزكردنی پارە بۆ عێراق بە مەبەستی تەواوكردنی پڕۆژەكانی كارەبا، دروستكردنی سێ یەكەی بەرهەمهێنانی كارەبای گەڕۆك لەسەر پشتی بارهەڵگر بۆ چارەسەری كێشەی ئاو بەتایبەت بۆ بەسڕاییەكان، دروستكردنی یەكەیەكی چاودێری زۆر پێشكەوتوو بۆ مناڵبوون لە بەسڕە.

گرێبەستی لێكتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی كارەبا و جەنەڕاڵ ئەلكتریك لەلایەن قاسم فەهداوی وەزیری كارەبا و جۆزێف ئەنیس سەرۆكی جەنەڕاڵ ئەلكتریك واژوو كران.

بەرپرسێكی باڵاش دەڵێ گرێبەستەكەی جەنەڕاڵ ئەلكتریك باكگراواندێكی سیاسی هەبووە، بەڵام محەمەد تۆفیق وائلی راێوێژكاری پێشتر لە وەزارەتی كارەبا دەڵێ، ئەگەر جەنەڕاڵ ئەلكتریك پابەندی بەڵێنەكانی ببێت ئەوا عێراق براوەی گرێبەستەكە دەبێت نەك كۆمپانیاكە.



وشە - فه‌رمان سادق