سۆران..دوو مانگە خەڵك پارەی نەوتی داوە و تا ئێستە دابەش نەكراوە

:: PM:03:37:17/12/2016 ‌

بریكارەكانی خۆراك لە سۆران نزیكەی دوو مانگە پارەی نەوتییان لە هاووڵاتییان وەرگرتووە، بڕیار وابوو دوای كۆكردنەوەی پارەكە دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان بكرێت، بەڵام دابەش نەكراوە. بەرپرسانی ناوچەكە دەڵێن لە دووشەمەوە دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكرێ.

بەفر و سەرما و سۆڵە بە تەواوی لە شارۆكەی سۆران دەستی پێ كردووە، كەچی هێشتا حكوومەت لیترێك نەوتیشی بە هاووڵاتییان لەو شارۆكەیە نەداوە.

دیاری رەشید ئێدلبی كە پیشەی پێشمەرگەیە و دانیشتووی گەڕەكی كانییە لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "نزیكەی دوو مانگە پارەی نەوتمان داوە و بڕیار وابوو دوای پێدانی پارە راستەوخۆ نەوتمان پێ بدەن، كەچی پارەكە رۆیشت و نەوتەكەش هەر نەهات، حكوومەت ئەگەر مووچەش بە فەرمانبەرانی نادات پێویستە خزمەتگوزارییەكانی تری ژیانیان بۆ دابین بكات، ئەگەر بۆ ئێمەش نەوت دابین ناكات، پێویستە بۆ كەسوكاری شەهیدان نەوت دابین بكات، هیچ دروست نییە كەسوكاری شەهیدان لەبەر سەرما و سۆڵە بن."
 
ئەو پێشمەرگەیە گوتی، مووچەی پیشمەرگە 45 رۆژ جارێك دەدرێت و پارەیەكی كەمە و بەشی پێداویستی ژیان ناكات، ئێستە سووتەمەنیشی هاتووەتە سەر، پیشمەرگە لە سەنگەردا لەبەر سەرما دەلەرزێ و رۆڵەكانیشی لە ماڵەوە لە سەرمادا دەلەرزن، پێویستە حكوومەت چاوێكی لە خەڵك بێت.

هاوكات دڵشاد ئەحمەدخان هاووڵاتییەكی خێزانداری دانیشتووی گەڕەكی بارزان لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، "ماوەی زیاتر لە یەك مانگە بڕی 53 هەزار دینارمان بەبریكاری خۆراك داوە لە سۆران و بڕیار وابوو حكوومەت نەوتمان پێ بدات، كەچی هێشتا دیار نییە كەی نەوتمان پێ دەدرێت لە كاتێكدا سەرما و سۆڵەیەكی زۆر دەستی پێ كردووە و بەفر شاری داپۆشیوە، نەوتیش لە بازار گرانە و توانای كڕینمان نییە".

جێگەی ئاماژەیە، بەهۆی دابەشنەكردنی نەوت لە لایەن حكوومەتەوە و گرانیی نرخی نەوت، ئەمساڵ زۆرینەی خەڵكی دەڤەری سۆران سۆپای داریان داناوە و بۆ خۆ گەرمكردنەوە پشت بە بڕینی دار دەبەستن. نرخی یەك بەرمیلی نەوت لە دەڤەری سۆران بە 145 هەزار دینارە.

لە ماوەی رابردوودا چالاكییانی مەدەنی و رێكخراوەكانی پاراستنی ژینگە لە سۆران، لە بەردەم قایمقامیەتی شارۆكەی سۆران دژی بڕینی دار گردبوونەوەیەكیان رێكخست و تیایدا داوایان لە حكوومەت كرد، پەلە بكات لە دابەشكردنی نەوت بۆ ئەوەی چیتر ژینگە وێران نەبێت.
 
موحسین باڵەكی پشكێنەری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی ناوچە شاخاوییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، پرۆسەی دابەشكردنی نەوت پێویستی بە وەرگرتنی پارەی پێشەكی ماڵانە كە 53 هەزار دینارە، ئێستە بریكارەكان 20%ی پارەی نەوتی خەڵكی سۆرانیان هێناوە و ئەوەی تر نەیانهێناوە، بۆیە داوای لە هاووڵاتییان كرد پارەی خۆیان بە بریكارەكان بدەن تا بە زووترین كات نەوتیان پێ بدرێت.

ئەو ئاشكرای كرد  لە شارۆكەی سۆران ٣٢ هەزار و 723 بەرمیل نەوت بە خەڵك دەدرێ كە پارەكەی دەكاتە یەك ملیار و 636 ملیۆن و 150 هەزار دینار،  لەو بڕە پارەیە تەنیا 800 ملیۆن دینار وەرگیراوە و 836 ملیۆن دیناریش ماوە، ئەوانەی زووتر پارەیان داوە بە شێوەی رێزبەندی زووتر نەوتیان پێ دەدرێت.

 بەگوتەی ئەو بەرپرسە، رۆژی دووشەم ١٩ی مانگ، یەكەم رۆژی دابەشكردنی نەوت دەبێت لە سەنتەری شارۆكەی سۆراندا. 

لە لایەكی ترەوە كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران بۆ "وشە" ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە رۆژی دووشەم یەكەم رۆژی دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەبێت لە سەنتەری شارۆكەی سۆراندا. 

سۆران –/مورشید برادۆستی


وشە - سلێمان تاشان