بەبێ میسی.. پلانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ كلاسیكۆ چۆن دەبێت؟

:: AM:11:21:22/10/2018 ‌

ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە هەوڵی ئەوەدایە باشترین بژاردە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لە یاریی كلاسیكۆ جێبەجێ بكات.

رۆژی یەكشەمی داهاتوو هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید لە یاریی كلاسیكۆ و گەڕی 10ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

ئەوەی روونە ئەوەیە كە میسی ناتوانێ لە یارییەكەدا بەشداری بكات دوای ئەو پێكانەی پێرێ شەموو لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی سڤیلییە تووشی هات.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: ڤالڤێردی بۆ یاریی كلاسیكۆ 3 بژاردەی لە پێشە بۆ پڕكردنەوەی شوێنی میسی.

بژاردەی یەكەم ئەوەیە لە یارییەكەدا یاریی بە عوسمان دێمبێلێی ئەستێرەی فڕەنسی بكات وەك ئەوەی پێرێ شەموو دوای پێكانەكەی میسی یاری كرد.

بژاردەی دووەم ئەوەیە لە شوێنی میسی یاریی بە یاریزانی لاوی بەڕازیلی مالكۆم بكات كە لە سەرەتای ئەم وەرزەوە تا ئێستا بۆ ماوەی تەنیا 25 خولەك یاریی كردووە.

بژاردەی سێیەم ئەوەیە كە ڤالڤێردی شێوازی یاریكردن بگۆڕێ و لە هێڵی هێرشبردن پشت بە سوارێز و كۆتینیو ببەستێ و لە هێڵی ناوەڕاستیشدا یاریی بە هەردوو یاریزان رافینیا و ئەرتۆرۆ ڤیدال بكات.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان میسی لە دوێنێ یەكشەمەوە دەستی بە وەرگرتنی چارەسەرییە پزیشكییەكان كردووە و چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەی 3 هەفتەی داهاتوودا بەتەواوی ئامادەی یاریكردن ببێتەوە بەتایبەتیش بۆ یارییەكەی بەرامبەر یانەی ئینتەر میلان لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كە بڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م