سعوودییە پارەیەكی خەیالی بۆ كڕینی یانەی مانچستەر ئامادە كردووە

:: AM:11:39:22/10/2018 ‌

بنەماڵەی شاهانەی سعوودییە بەتایبەتیش لەلایەن محەمەد بن سەلمانی شازادەوە پارەیەكی خەیالی بۆ كڕینی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئامادە كردووە.

رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: محەمەد بن سلمان ئامادەیی خۆی پێشانداوە 4 ملیار پاوەن بدات بۆ ئەوەی خاوەندارێتی یانەی مانچستەر یونایتد بەدەست بێنێ.

شازادەكەی سعوودییە بڕیاریداوە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا چاوی بە بنەماڵەی گلایزەری ئەمەریكی بكەوێت كە خاوەنی یانەی مانچستەر یونایتدن.

بڕیاربوو بنەماڵەی گلایزەر لەم هەفتەیەدا سەردانی سعوودییە بكەن بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەیەكی بازرگانی جیهانی، بەڵام پێشتر رایگەیاندبوو كە ناتوانن بەشداری لە كۆنگرەكە بكەن، هەر بۆیە شازادەكەی سعوودییە بڕیاریداوە خۆی سەردانی ئەمەریكا بكات بۆ ئەوەی چاوی بە خاوەنەكانی یانەی مانچستەر یونایتد بكەوێ.

رۆژنامە ئینگلیزییەكە ئاشكراشی كرد كە بنەماڵەی گلایزەر بەشێوەیەكی وریایی مامەڵە لەگەڵ شازادەكەی سعوودییە دەكەن بەتایبەت دوای رووداوەكانی كوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووس لە وڵاتی توركیا.

محەمەد بن سەلمان بڕوای تەواوی هەیە دەتوانێ پشكەكانی یانەی مانچستەر یونایتد بكڕێتەوە، بەڵام بنەماڵەی گلایزەر داوایان لێ كردووە كێشەكانی سەبارەت بە تێوەگڵانی كوشتنی خاشقچی یەكلایی بكاتەوە ئینجا بێت مامەڵەیان لەگەڵ بكەن.

پێشبینی دەكرێ بنەماڵەی گلایزەر بڕی 2.2 ملیار پاوەن لە فرۆشتنی یانەی مانچستەر یونایتد لە شازادەی سعوودییەكە قازانج بكەن بە بەراود لەگەڵ ئەو پارەیەی لە ساڵی 2005 لە كڕینی یانەكەدا خەرجیان كرد.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م