یەكشەمی داهاتوو هەردوو یانەی ركابەری خولی ئیسپانیا (بەرشەلۆنە و ریال مەدرید) لە گەڕی 10 و كلاسیكۆ لەنێو یاریگەی كامپ نوو رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.
لە یاریی كلاسیكۆی ئەمجارەدا رووداوێك روو دەدات كە ماوەی 11 ساڵە لە هیچ یارییەكی كلاسیكۆدا رووی نەداوە.
رووداوەكەش برێتییە لە یاری نەكردنی هەردوو ئەستێرە و باشترین یاریزانی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و لیۆنێل میسی ئەرجەنتینییە.
رۆناڵدۆ پێش دەستپێكردنی وەرزی نوێ دوای 9 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید بارگەی خۆی بۆ یانەی یۆڤێنتۆس و خولی ئیتاڵیا جێهێشت، میسیش پێرێ شەموو لە یارییەكی تری خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی سڤیلییە تووشی شكانی قۆڵی هاتووە.
دوایین یاریی كە كریستیانۆ لە ریزی یانەی ریال مەدرید بەشداری لە یاریی كلاسیكۆ نەكردبێت لە وەرزی 2007-2008 بوو كە ئەو كات یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە گۆڵێكی جۆلیۆ پابتێستا سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە بەر لەوەی بێتە ناو یاریی كلاسیكۆ بە ورەیەكی بەرزەوە دەست بە یاریكردن دەكات دوای ئەوەی یارییەكەی شەمووی رابردووی بەرامبەر یانەی سڤیلییە بە ئەنجامی 4-2 بەسەركەوتن تەواو كردبوو و ئێستاش بە 18 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت، یانەی ریال مەدریدیش بریندارە و بە 14 خاڵ لە ریزبەندی 7ی یانەكاندایە.