داڤوسی بیابان چییە و بۆچی خاشقچی تەگەرەی خستووەتە بەردەم؟

:: PM:02:10:22/10/2018 ‌
لێكەوتەكانی كوژرانی خاشقچی كاریگەری گەورەی لەسەر لووتكەی داڤوسی بیابان داناوە، وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكان و میدیا نێودەوڵەتییەكان بە كۆ كشانەوە لە بەشداریكردنیان رادەگەیەنن، ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەستكاری بەرنامەی لووتكەكەیان كردووە بە مەبەستی سەرخستنی.

لووتكەی داڤوس و یەكەم داڤوسی بیابان
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی كرانەوە بە رووی دنیا كە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پادشایەتی عەرەبستانی سعوودیە وەك هەڵمەتێكی فراوان و قوڵ لە وڵاتەكەی دەستی پێكرد، لوتكەی داڤوسی بیابانی لێوە بەرهەمهات بۆ دنیابینی عەرەبستانی سعوودیە لە دیوە ئابوورییەكەی بۆ ساڵی 2030.

لووتكەی داڤوسی یەكەم لە 14ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ریاز بەسترا كە دوو هەزار و 500 كەسایەتی لە نوێنەرانی وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و میدیا جیهانییەكان لە 60 وڵاتی ئەوروپی و ئەمەریكی و عەرەبی و ئاسیایی و ئەفریقی بەشداریان تێیدا كرد، بڕیار وایە خولی دووەمی لووتكەی داڤوسی بیابان سبەی سێ شەم 23ی ئۆكتۆبەر دەستپێ بكات و ماوەی چەند رۆژێك بخایەنێت.

 داڤوسی بیابان، ناوەكەی لە شاری داڤوسی سویسڕی وەرگیردراوە كە شارۆكەیەكە و ساڵانەی دیداری ئابووری جیهانی لێیەوە بەڕێوە دەچێت لە پێناو پێشخستنی ئابووری جیهانی كە یەكەم دیداری ساڵی 1971 بەڕێوەچوو.

لووتكەی داڤوسی جیهانی ساڵانە سەرۆكانی وڵاتان و نوێنەرانی حكوومەتەكان و پیاوانی بازرگان و میدیای جیهانی بەشداری تێدا دەكەن.

لووتكەی یەكەمی داڤوسی بیابان كە ساڵی رابردوو ئەنجامدرا تێیدا گفتوگۆ لەسەر پێشخستنی سێكتەری وەبەرهێنان و ئابووری لە سعوودیە كرا لە هەردوو سێكتەری تایبەت و گشتی، ئامانجی لووتكەكەش بەشێكە لە هەوڵ و پلانی محەمەد بن سەلمان لە چوارچێوەی دنیابینی عەرەبستانی سعوودیە بۆ ساڵی 2030.

بەڵام دوای كوژرانی جەمال خاشقچی نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی سعوودی لەناو كونسڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ، وەك ناڕەزایەتییەك دەیان میدیای جیهانی و كۆمپانیای زەبەلاح و وڵاتان بڕیاریانداوە بەشداری تێیدا نەكەن.
 
كوژرانی خاشقچی و لێكەوتەكانی بەسەر داڤوسی بیابان
جەمال خاشقچی لە دووی ئۆكتۆبەری ئەم مانگە كاتێك بە مەبەستی رایكردنی كاروباری هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجەی دەستگیرانی سەردانی كونسڵخانەی وڵاتەكەی دەكات لە ئیستانبوڵ، لەو رۆژەوە دیار نامێنێت، دوای گوشارێكی زۆری نێودەوڵەتی بەتایبەت لەلایەن ئەمەریكاوە، دواجار دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی شا لە سعوودیە لە بەیاننامەكەیدا دانیان بەوەدانا كە خاشقچی لەكاتی لێكۆڵینەوە كردن لەگەڵیدا گیانی لە دەستداوە.
بەیاننامەی داننان بە كوژرانی خاشقچی نەیتوانی نیگەرانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڕەوێنێتەوە و هێشتا ئەو دۆسیەیە مشتومڕی زۆری لەسەرە بەتایبەت كاتێك رەجەب تەیب ئەردۆغان رای گەیاند سبەی سێشەم تەواوی زانیارییەكان لەسەر كوژرانی خاشقچی ئاشكرا دەكات.

بەهۆی كاردانەوەی نێودەوڵەتی لە پرسی كوژرانی خاشقچی، زۆرێك لە وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكانی دنیا و میدیا جیهانییەكان بڕیاریاندا بایكۆتی لووتكەی دووەمی داڤوسی بیابان بكەن، بەمەش گورزێكی كوشندە بەر لووتكەكە دەكەوێت.

كشانەوەی بە كۆی وڵاتان و كۆمپانیا زەبەلاحەكان و میدیا نێودەوڵەتییەكان
لووتكەی داڤوسی بیابان بڕیارە سبەی سێشەم 23ی ئۆكتۆبەر كارەكانی دەست پێ بكات تا رۆژی پێنجشەم 25ی ئۆكتۆبەر، واتە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرپەرشتیارانی لووتكەی داڤوسی بیابان دووپاتی دەكەنەوە كە چوار هەزار كەس لە 90 وڵات بەشداری تێدا دەكەن و 150 كەسایەتی قسەكەری لووتكەكە دەبن كە نوێنەرایەتی 140 دامەزراوە دەكەن.

بەڵام كاردانەكانی كوژرانی خاشقچی تا ئەمڕۆ دووشەم 22ی ئۆكتۆبەر بەردەوامی هەیە، تا ئێستە بە فەرمی چەندان وڵات و میدیا و كۆمپانیای زەبەلاح كشانەوەی خۆیان راگەیاندووە، جگە لەمە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز كە سپۆنسەری فەرمی لووتكەی داڤوسی بیابانی دەكرد، كشانەوەی خۆی راگەیاندووە.

لەسەر ئاستی میدیای نێودەوڵەتی
هەریەكە لە بی بی سی، بلومبێرگ، ئیكۆنۆمیست، نیویۆرك تایمز، سی ئێن بی سی و فاینەنشاڵ تایمز بڕیاری بایكۆت كردنی لووتكەی داڤوسی بیابانیان داوە، جگە لەوان كۆمپانیای نیكی ژاپۆنی بۆ راگەیاندن و پاتریك سون شیونگ خاوەنی هەردوو رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز و دەیلی بێست، بڕیاریانداوە بەشداری لووتكەكە نەكەن.

وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان
ستیڤن منوچن وەزیری دارایی ئەمەریكا، ئولاف شۆڵز وەزیری دارایی ئەڵمانیا، كریستین لاگارد بەڕێوەبەری سەندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی، بڕۆنۆ لۆمێر وەزیری ئابووری فڕەنسا، فوبكە هوكسترا وەزیری دارایی هۆڵەندا، لیام فوكس وەزیری بازرگانی بەریتانیا، دیڤید باركەر وەزیری بازرگانی نیوزیلەندا، ماریز باین وەزیری دەرەوەی ئوستراڵیا رای گەیاند وڵاتەكەی بەشداری لە لوتكەی داڤوسی بیابان ناكات.

جگە لەوانە جیم یونگ كیو سەرۆكی بانكی نێودەوڵەتی و جەنەڕاڵ دیڤید پترایوس سەرۆكی پەیمانگەی " KKR "ی جیهانی بەشداری لە لوتكەكە ناكەن.


كۆمپانیا زەبەلاحەكان و كەسایەتییەكان
جۆن فلینت بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای "HSBC"، تیجانی سیام بەرێوەبەری گشتی كریدی سویس، ئاجای بانگا بەڕێوەبەری گشتی ماستەر كارد، جایمی دیمن بەڕێوەبەری گشتی جی پی مۆرگان، لاری فینك بەڕێوەبەری گشتی بڵاك رۆك، ستیڤن شوارتزمان بەڕێوەبەری گشتی بلاكستون، بێڵ وینترز بەڕێوەبەری گشتی ستاندارد چارترد، دیڤید شویمر بەڕێوەبەری جێبەجێكاری بۆرسەی لەندەن، جان لومیار سەرۆكی بانكی بی ئێن بی، فریدریك ئودیا سەرۆكی جێبەجێكاری بانكی سوسییتە جەنەڕاڵ.

هەروەها بێڵ فۆڕد سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فۆڕد، دارا خوسروشاهی بەڕێوەبەری گشتی ئۆپڕا، ریچارد بڕانسون ملیاردێری بەریتانی و دامەزرێنەری گروپی فیرجین، ئاریانا هافینگتن بەڕێوەبەری سرایف گلوباڵ، دیان گرین بەڕێوەبەری بەشی كڵاود لە گوگڵ، پاتریس كاین سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی گروپی تالیس، بۆب باكیچ بەڕێوەبەری گشتی فیاكوم، ستیڤ كیس دامەزرێنەری بەشدار لە " AOL " و سەرۆكی دامەزراوەی  "Case"و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای " Sotheby's Tad Smith " و مای فو لی سەرۆك و بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای " Sinovation Ventures " و سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فێرگن هیبرلولا و ئانز رۆب لوید.

تونی هایوارد سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕی كۆمپانیای گلینكوری تایبەتمەند بە گەڕان بەدوای نەوت، دیڤید بوندیرمان دامەزرێنەری بەشدار و سەرۆكی كۆمپانیای " TPG Capital " و براد كیویل دامەزرێنەری بەشدار و سەرۆكی جێبەجێكای كۆمپانیای " Uptake " و كۆمپانیای ئیندیفور كونتنت هیلیوود دەستبەرداری دەستەوارەیەك بووە بە بەهای 400 ملیۆن دۆلار لەگەڵ سەندوقی سەروەری سعوودی، هاوكات " BGR Group " كە كۆمپانیایەكی پاڵەپەستۆیە، بەشداری ناكات.

لەسەر ئاستی كەسایەتییەكانیش كە بڕیاری بایكۆت كردنیان داوە، ئیرنست مونیز وەزیری وزەی پێشتر لە حكوومەتەكەی باراك ئۆباما كە بڕیار بوو راوێژ بە سعوودیە بدات لەبارەی پڕۆژەی شاری زیرەك كە بودجەكەی 500 ملیار دۆلارە، نیلی كڕوس ئەندامی ئەنجوومەنی نیوم " NEOM " و جێگری پێشتری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپی بڕیاریداوە بەشداری نەكات.

بایكۆت دەبێتە رێگر لە سەركەوتنی لووتكەی داڤوسی بیابان؟
زۆرێك لە چاودێرانی دۆخی سعوودیە پێیان وایە خەمی هەرە گەورەی دەسەڵاتدارانی سعوودیە تێپەڕاندنی ئەو تەنگژەیەیە كە كوژرانی خاشقچی بەدوای خۆیدا هێنا كە كاریگەری گەورەی لەسەر داڤوسی بیابان داناوە و مەترسی شكستی لێدەكرێت، بۆ ئەمەش بەرپرسانی سعوودی كە رێكخەری لووتكەكەن، هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ سەرخستنی "دەستپێشخەری داهاتووی وەبەرهێنان" كە بە داڤوسی بیابان ناسراوە، دەیانەوێت وەهای نیشان بدەن كە بەسەر دەیان كەسایەتی سیاسی و ئابووری زەبەلاحی جیهانی سەركەوتوو بوونە.

رێكخەرانی لووتكەكە دووپاتی دەكەنەوە كە 120 قسەكەر ئامادە دەبێت لە كۆی زیاتر لە 150 قسەكەر كە كارەكانی لووتكەی داڤوسی بیابان لە هوتێلی ریتز كارلتون لە ریازی پایتەخت بەڕێوە دەچێت، كە یەكێكە لە زنجیرە هوتێلەكانی ریتز لەسەر ئاستی دنیا، بۆ ئەمەش رۆژی هەینی رابردوو بڕیاری دەستكاریكردن لە كارنامەی لووتكەی داڤوسی بیابان كراوە و داوەتنامە بۆ چەندان سەرۆكی وڵاتانی كیشوەری ئەفریقیا و ئاسیا رەوانە كراوە.

لەپاڵ ئەوەی زۆرێك لە كۆمپانیاكانی ئەوروپی و ئەمەریكی و كەسایەتییەكانیان بایكۆتیان كردووە، پێدەچێ ئاستی بەشداری هەندێكیان لە ئاستی بەشداری بەڕێوەبەری جێبەجێكار یان خوارتر بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان لە سعوودیە، لەو كاتەی كۆمپانیا رووسی و چینییەكان تا ئێستە هیچ قسەیەكیان نەكردووە و بەشداری لە لووتكەی داڤوسی بیابان دەكەن.

گرووپی ئۆراسیا بۆ راوێژكاری لە بارەی مەترسییەكان دەڵێ محەمەد بن سەلمان دووچاری تەنگژەی پێوەندییە گشتییەكان بووەتەوە، زۆرێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكان كە ئەگەرچی پێوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ بن سەلمان هەبووە، بەڵام ئامادە نین بەشداری بكەن، وەك جی پی مۆرگان و ئوپەر.



وشە - فه‌رمان سادق