سرووشتی كوردستان به دیمه‌نه ناوازه و جیاوازه‌كانییه‌وه ناسراوه، به‌رده‌وام دیمه‌نی سه‌رنجڕاكێش تێیدا ده‌بینرێت، ئه‌مساڵیش یه‌كێك له‌و دیمه‌نانه بریتی بووه له ده‌ركه‌وتنی گوڵی نێرگز له وه‌رزی پایزدا.
له گوندی دودی ده‌ڤه‌ری زێباری سه‌ر به شاره‌دێی دینارته له شارۆكه‌ی ئاكرێ، ژماره‌یه‌ك گوڵی نێرگز ڕواوه و به بۆنه خۆشه‌كه‌ی هاووڵاتییانی سه‌رسام كردووه، له كاتێكدا ئه‌و گوڵه تایبه‌ته به به‌هاران و هه‌رگیز له وه‌رزی پایزدا نه‌ڕواوه.
پێشواز دودی هاووڵاتییه‌كی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی، به "وشه"ی گوت: ئه‌مساڵ چه‌ند خێزانێكى گوندى دودویى له وه‌رزى به‌هارى رابردوو چوونه ناوچه شاخاوییه‌كان، ڕه‌گ و ریشاڵى نێرگزى ڕه‌سه‌نیان هێنایه‌وه و له ماڵه‌وه چاندیان، به‌ڵام نێرگزه‌كه له جیاتى ئه‌وه‌ى كه به‌هارى داهاتوو گوڵ بدات، له ئێسته‌وه گوڵی ده‌ركرد".
به‌پێى قسه‌ى ئه‌و هاووڵاتییه چه‌ند رۆژى رابردوو گه‌رمایه‌كى باش سنوورى شاره‌دیێ دینارته‌ی گرتبووه‌وه، كه بووه‌ته هۆكاری ئه‌وه‌ی گوڵه‌كان سه‌رده‌ركه‌ن و ئه‌و بۆنه خۆشه بڵاو بكه‌نه‌وه.
گوندى دودى ده‌كه‌وێته رۆژئاواى شاره‌دێی دینارته، نزیكه‌ى 150 خێزانی تێدا ده‌ژین.
دینارته/ نه‌وزاد هلۆرى