بەشێکی گۆڕستانە شوێنەوارییەکانی دەڤەری راپەڕین بەهۆی زیادبوونی ئاوی رووبار و زێیەکانەوە خەریکە لەناودەچن و بەشێک لە ئێسک و پروسکەکانی بە ئاودا رۆیشتوون، بەشێکی تریشیان رووبەڕووی دزینی کێل و دەستدرێژی بوونەتەوە.
لە دەڤەری راپەڕین، هەریەک لە گۆڕستانهكانی زەنگلان و کێلە مەزنان لە دۆڵی سێوەیس، گۆڕستانەکانی گوندەکانی رەزگە، ئەلکە، مارەدوو، شەهیدان، سیکەنە و سوێسنە لە شارەدێی سەنگەسەری سنووری پشدەر، گۆڕستانی شوێنەوارین و نەخش و نیگاری سەر گۆڕەکانیان ئاماژەن بۆ تەمەنێکی درێژ.
بارزان بایز بەڕێوەبەری شوێنەواری راپەڕین بە "وشە"ی راگەیاند: "زیاتر لە 30 ناوچەی شوێنەوارییمان بەهۆی ئاوی زێ و رووبارەکان زیانیان بەرکەوتووە، لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاودا تووشی داتاشین دەبنەوە و لەنێو دەچن و سێ لەو ناوچە شوێنەوارییانە گۆڕستانن.
گوتیشی: "لە وەرزی هاوینان کە ئاوەکان کەم دەبنەوە، کنە و پشکنین دەکەین بۆ ناوچەکان و کەلوپەلە دۆزراوەکان لە مۆزەخانە هەڵدەگرین، هەروەها نموونەی هەموو کێلەکانیشمان لە مۆزەخانە هەڵگرتووە، بەڵام گرنگیی هەر ناوچەیەکی شوێنەواری لەوەدایە، وەک خۆی و لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە و نەگواسترێتەوە، بۆیە ناتوانین گۆڕستانەکان بگوازینەوە.
سەبارەت بە پاراستنی گۆڕستانەکان لە دزی، بەڕێوەبەری شوێنەواری راپەڕین گوتی: لە هەموو دنیا دزینی پارچەی شوێنەواری هەیە، لە کوردستانیش هەبووە، ئێستا هەوڵی تەواو بۆ پاراستنیان دەدەین و چەند جارێک گۆڕەکان هەڵدراونەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە هیچیان تێدا نەبووە.
زۆربەی ئەو گۆڕستانە شوێنەواریانە دەکەونە سنووری ژێر دەسەڵاتی گەریلاکانی پەکەکە و بەگوێرەی زانیارییەکان، ساڵانی رابردوو کێلی بەشێکی ئەو گۆڕانە دزراون.
ڕاپەڕین/ شادان بەکر