سەركردایەتی و بەرپرسانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێش هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول دووپاتیان لەوە كردەوە، كە دوای هەڵبژاردن كۆنگرە دەبەستن، سەرچاوەیەكی باڵای ئەو حزبە ئاشكرای دەكات كە فوئاد مەعسووم گەڕاوەتەوە كوردستان و سەرپەرشتی كۆنگرە دەكات و دەسەڵاتی جێگری سكرتێری گشتی پێ دەدرێ. بەمەش كۆسرەت ڕەسووڵ بەهۆی نەخۆشی و بەرهەم ساڵح بەهۆی سەركۆمارییەوە لە حزب پەراوێز دەخرێن و كودەتایەكی سپی لەلایەن باڵی بنەماڵەوە ئەنجام دەدرێت.
كۆنگرە نابێ لە میدیا باس بكرێ
بۆ وەرگرتنی بۆچوونی سەركردەكانی یەكێتی لەسەر جێبەجێكردنی ئەو قسەیەی پێش هەڵبژاردن كە باسیان لە بەستنی كۆنگرە دوای هەڵبژاردن دەكرد، "وشە" پێوەندی كرد بە لەتیف نێروەیی گوتەبێژی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، گوتی، كاروبار و ئامادەكارییەكانی كۆنگرە بەردەوامن، بەڵام زانیاری و پێشڤەچوونەكان لای لیژنەیەكە و كاك حاكم قادر حەمەجان سەرپەرشتیاری لیژنەكەیە و ئەو دەتوانی لەبارەی ئامادەكاری و پێشڤەچوونەكان قسە بكات.
سەرپەرشتیاری لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە حاكم قادر حەمەجان كە هاوكات ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەڵبەندی یەكی سلێمانی ئەو حزبەیە، لە وەڵامی پرسیاری "وشە" لەبارەی ئامادەكاری و پێشڤەچوونەكانی بەستنی كۆنگرە ڕەتی كردەوە هیچ قسەیەك بكات، بەڵام ئەوەندی گوت، كە "بەستنی كۆنگرەی حزب پێوەندی بە میدیاوە نییە و نابێ لە ڕاگەیاندن قسەی لەسەر بكرێت".
بیانوو بۆ دواخستنی نەماوە
كادر و بەرپرسانی یەكێتی دووپاتی دەكەنەوە كە بەستنی كۆنگرە پێویستییە و دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و عێراق هیچ بیانوویەك بۆ دواخستنی نەماوە.
دلێر ماوەتی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، دوای یەكلاكردنەوەی كێشەكانی بەغدا و هەرێمی كوردستان لە پێكهێنانی حكوومەت، دەبێ كۆنگرە ببەستنرێ، چونكە هیچ بیانوویەك نەماوە تا كۆنگرە دوا بكەوێ و هەموو ئامادەكارییەكانیشی تەواو بووە.
بەگوتەی ماوەتی "لە زووەوە سەرجەم ئامادەكارییەكانی كۆنگرە كۆتاییان هات، تەنیا ماوەتەوە بڕیاری لەسەر بدرێ".
لای خۆیەوە حەمەسوور دووشیوانی ئەندامی پێشووی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" گوتی، زۆر پێویستە هەر حزبێك كۆنگرە ببەستێ و خۆی نوێ بكاتەوە، چونكە هەموو كۆنگرەیەك دەبێتە هۆی هاتنی خوێنی تازە و لەگەڵ واقیعی كۆمەڵگا دەگونجێت.
دووشیوانی دەڵێ "ئەگەر حزبێك لە كات و ساتی خۆی كۆنگرە ببەستێ زیاتر لە واقیع نزیك دەبێت، بۆیە من هیوادارم كۆنگرەی یەكێتی ببەسترێ، چونكە سەرۆك مام جەلال كۆچی كرد و ئەمە بۆشاییەكی زۆری بۆ ئێمە دروست كردووە و نەمانتوانیوە تا ئێستە وەك پێویست ئەو بۆشایییە پڕ بكەینەوە، بۆیە تا ئاستێك دەسەڵاتی یەكێتی و هەڕەمی دەسەڵاتی پەرش و بڵاو بووە و ناوەندی ئاراستەكردن نامێنێت، بۆیە پێویستە كار بكەین تا كۆنگرە ببەستین".
فوئاد مەعسووم دەسەڵاتەكانی هەردوو جێگر مومارەسە دەكات
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، زانیاری نوێی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی و حزبیی یەكێتی خستە ڕوو و بە"وشە"ی ڕاگەیاند، فوئاد مەعسووم سەركۆماری پێشووی عێراق كە ئێستە گەڕاوەتەوە كوردستان، لەلایەن بنەماڵەی یەكێتیییەوە دەسەڵاتەكانی جێگری سكرتێری گشتی پێ دەدرێ و سەرپەرشتیاری رەهای كۆنگرەی یەكێتی دەكات.
لەبارەی بوونی د.فوئاد مەعسووم بە سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرە و پێدانی دەسەڵاتی جێگری سكرتێری گشتی، دلێر ماوەتی گوتی، لە كۆنگرەكانی یەكێتی د.فوئاد ڕۆڵی هەبووە و تێیدا بەشداری كارای كردووە، خۆیشی بیەوێ خۆی هەڵنەبژێری لە كۆنگرەی داهاتوو، ئەوە دەبێتە ڕاستییەكی تەواو كە سەرپەرشتی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی دەكات، خۆی شارەزایە و ئەزموونی هەیە لەو بوارەوە. بەڵام وەك زانیاری دڵنیاكەرەوە و تەواو ئاگادار نیم.
هاوكات حەمەسوور دووشیوانی گوتی، من ئەو وردەكارییانەم لا نییە، بەڵام د.فوئاد مەعسووم پیاوێكی ئەكادیمی و سەركردەیەكی خاوەن هزر و بەرنامەیە و دوای گەڕانەوەیشی لە بەغدا گرنگە ڕۆڵێكی كارا ببینێت، دامەزرێنەرێكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستانە، بۆیە پۆستی هەبێ و نەبێ ئەو خاوەن پۆستە، هیوادارم ئەو هەستێ بە سەرپەرشتی كۆنگرە، چونكە بە پلان و بەرنامەیە.
كۆسرەت ڕەسوول و بەرهەم ساڵح ئاوت دەكرێن
سەرچاوە باڵاكەی ناو یەكێتی كە لە باڵی بنەماڵە نزیكە، زیاتر گوتی، بە هێنانە پێشەوەی دكتۆر فوئاد وەك واجیهەی نوێی یەكێتی، كوڕ و برازاكانی مام جەلال لە دەست كۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح بە تەواوی ڕزگار دەكات و لای حزبەكانیش بەهۆیی نەرمییەكەیەوە پەسەندە.
وەك ئەو گوتی "ئێستە بەرهەم ساڵح لە حزب نەماوە و لە بەغدایە و دەسەڵاتی سكرتێری گشتیش كۆسرەت رەسوڵیش باری تەندروستیی رێی نادات ململانێ بكات، هاوكات هێرۆ برایم ماوەیەكە تەندروستی ناجێگیرە و لە ماڵەوە لەژێر چاودێری چڕیی پزیشكیدایە، بۆیە دۆخەكە بە گشتیی زۆر لەبارە بۆ گەنجە تاڵەبانییەكان و دەسەڵاتەكان دەدرێت بە د.فوئاد مەعسووم".
بەڵام سەرچاوەكە ددانی بەوەشدا نا كە ئەمە كودەتایەكی سپییە و باڵی خیانەتكاری ناو یەكێتی دەیانەوێ بەسەر كۆسرەت ڕەسووڵ و بەرهەم ساڵح و كۆی حزبەكە ئەنجامی بدەن و هیچ بەربەستێك لە پێشیان نەمێنێ، چونكە لای ئەوان مەعسووم بەربەست نییە.