ئارسناڵ بردییەوە و هاتە ریزی پێشەنگەكانی خولی ئینگلیزی

:: AM:09:04:23/10/2018 ‌

یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی درێژەی بە سەركەوتنەكانی دا و شەوی رابردوو بە ئەنجامێكی گەورە لە یانەی لیستەر سیتی بردەوە و بەمەش هاتە ریزی یانە پێشەنگەكانی خولی نایابی ئینگلیزی.

شەوی رابردوو لە دوایین گەڕی نۆیەمی خولی نایابی ئینگلیزی یانەی ئارسناڵ لەنێو یاریگەی ئیماڕات مێوانداری یانەی لیستەر سیتی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لێ بردەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا هەردوو یانەكە بە گۆڵێك یەكسان ببوون، سەرەتا یانەی لیستەر سوودی لە هەڵەیەكی هیكتۆر بیلیرینی بەرگریكاری یانەی ئارسناڵ بینی و لە خولەكی 31 گۆڵی پێشكەوتنی تۆمار كرد، بەر لە تەواوبوونی گێمەكەش مەسعوود ئۆزێلی ئەستێرەی ئەڵمانی لە خولەكی 45 گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی ئارسناڵ تۆمار كردەوە.

لە خولەكی دووەمدا ئاستی یاریزانانی یانەی ئارسناڵ بە پشتبەستن بە یاریگە و جەماوەر باشتر بینران و لە ماوەی 3 خولەكدا بیر ئێمریك ئۆبامیانگی هێرشبەری گابۆنی لە خولەكانی 63 و 65 یانەی ئارسناڵی كردە خاوەن 2 گۆڵی تر.

یانەی ئارسناڵ بەسەركردایەتی راهێنەری ئیسپانی ئۆنای ئێمری ئەمە حەوتەم سەركەوتنە لەسەر یەك لە خولی نایابی ئینگلیزی تۆمار دەكات و بەمەش زەنگی بۆ سەرجەم یانەكانی تر لێدا بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی خولەكە.

یانەی ئارسناڵ ئێستا بەكۆكردنەوەی 21 خاڵ هاوشانی یانەی چێڵسی بەڵام بەجیاوازی گۆڵ ریزبەندی چوارەمی یانەكانی خولی ئینگلیزی گرتە دەست، یانەی لیستەر سیتیش بە 12 خاڵ لە ریزبەندی 11ی یانەكان مایەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هەردوو یانەی مانچستەر سیتی و لێڤەرپوول بە 23 خاڵ پێشەنگی یانەكانیان گرتووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م