نرخی نەوت لە دابەزین بەردەوامە

:: AM:09:20:23/10/2018 ‌


نرخی نەوت رووی لە دابەزین كردووە، ماوەیەك بوو لە سەرووی 80 دۆلار دەفرۆشرا و تەنانەت تا 87 دۆلاریش هەڵكشا، بەڵام ئێستە لە خوارووی 80 دۆلار دەفرۆشرێت و دوایین نرخی بریتییە لە 79 دۆلار و 45 سەنت.

دوێنێ دووشەم چاوەڕوان دەكرا نرخی نەوت لە سەرووی 80 دۆلار بمێنێتەوە، بەڵام نەیتوانی لەو نرخەدا جێگیر بێت و دواجار بۆ خوارووی 80 دۆلار دابەزی و لەمڕۆ سەرلەبەیانیشەوە نرخی نەوت زیاتر دابەزیوە و نزیكەی نیو دۆلار لە نرخەكەی شكاوە.

بەگوێرەی dailyfx لە سەرەتای ئەم مانگەوە حەوت دۆلار و نیو لە نرخی هەر بەرمیلیك نەوت دابەزیوە كە دەكاتە 9% .

نرخی نەوت لە كاتێكدا رووی لە دابەزین كردووە كە هەمووی نزیكەی دوو هەفتەی ماوە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا لە دژی ئێران دەست پێ بكات.

لە چواری تشرینی دووەمی ئەمساڵ بڕیارە ئەمەریكا بە كردەنی رێ لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێت و بەم كارەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر دابەزێنێت.

تاكە مەترسییەك كە بۆ سەر ئەمەریكا لە ئارادایە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە، بەڵام وا پێ دەچێت ئەمەریكا لە دانوستان و سیاسەتە ناوچەیییەكان بۆ پرسی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان سەركەوتوو بووبێت و ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا ئەمەریكا سوورتر دەبێت لەسەر سەپاندنی سزا قورسەكە لە دژی ئێران.

ئێران هەموو هەوڵێكی ئەوەیە نرخی نەوت بەرز ببێتەوە و بەم كارەش قەرەبووی كەمیی هەناردەی نەوتەكەی بكرێتەوە. بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ئیڕان لە چەند رۆژی رابردوودا باسی لەوە كرد كە هیچ وڵاتێك ناتوانێ قەرەبووی كەمیی نەوت لە بازاڕەكان بكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان