ئەمشەو دوایین هەل بە راهێنەری ریال مەدرید دراوە

:: AM:09:21:23/10/2018 ‌

سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوایین هەلیان بە راهێنەرەكەیان جولین لۆپیتیگی داوە لە یارییەكەی ئەمڕۆ سێشەم لە سێیەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

ئەمشەو سەعات 10ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی ریال مەدرید لە سێیەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ مێوانداری یانەی ڤیكتۆریا بلزنی چیكی دەكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی نزیك لە یانەی ریال مەدرید ئاشكرای كرد: فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید لەسەر ئەنجامی یارییەكەی ئەمڕۆ وەستاوە بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی لەسەر چارەنووسی راهێنەری تیپەكەی لۆپیتیگی بدات.

لۆپیتیگی كە ئەمساڵ لە شوێنی زێنەدین زێدانی فڕەنسی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی وەرگرتووە، بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت و 5 یارییە لەسەر یەك نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەستبێنێ، دوایین شكستیشی شەمووی رابردوو بوو لە گەڕی 9ی خولی ئیسپانیا بەرامبەر یانەی لیڤانتی بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ، یانەكە ئێستا بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ لە ریزبەندی 7ی یانەكانی ئیسپانی دێت.

یانەی شاهانە لە دوایین یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی سیسكا مۆسكۆی رووسی بە گۆڵێكی بێ وەڵام دۆڕا بوو، پێشتریش بە 3 گۆڵی خاوێن لە یانەی رۆمای ئیتاڵی بردبووەوە، یانەكە ئێستا بە 3 خاڵ و بەجیاوازی گۆڵ لەگەڵ یانەی رۆما لە ریزبەندی سێیەمی كۆمەڵەی حەوتەمی خولەكە دێت

جێی باسە ئەمڕۆ سێشەم هەر لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی سێیەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەدەچن بەمشێوانەی خوارەوە:-

سەعات 7:55ی شەو / ئایك ئەسینا – بایرن میونشن

                         یۆنگ بۆیز – ڤالێنسیا

سەعات 10ی شەو / ئەیاكس ئەمستەردام – بەنفیكا

                       مانچستەر یونایتد – یۆڤێنتۆس

                       شاختار دۆنیتیسك – مانچستەر سیتی

                       رۆما – سیسكا مۆسكۆ

                       هۆڤنهایم - لیۆن




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م