سەرۆكی بەرشەلۆنە لەسەر گەڕانەوەی نیمار دوایین بڕیاری دا

:: AM:09:33:23/10/2018 ‌

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوایین هەڵوێستی یانەكەی سەبارەت بە كرانەوەی دەرگە بۆ گەڕانەوەی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئاشكرا كرد.

لە چەند رۆژی دواییدا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە نیمار پەشیمانە لە جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە و داوای لە بەرپرسانی یانەكە كردووە رێگەی پێ بدەن جارێكی تر پەیوەندییان پێوە بكاتەوە.

لەمبارەیەوە بارتومیۆ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی رایگەیاند: نیمار جارێكی تر ناگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنە و هەرگیز پێشبینی ناكەن درێسی یانەكە بپۆشێتەوە.

زیاتر گوتی: ئەوەی لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەكان بڵاو كراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و تا ئێستا هیچ پەیوەندی و كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ نیمار ئەنجام نەداوە، ئەگەر روونتریش قسە بكەم ئێمە ئەو یاریزانانەمان خۆش ناوێت كە یانەكانیان دەفرۆش و جێمان دێڵن.

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە جەختیشی كردەوە كە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هیچ گرێبەستێكی نوێ لەگەڵ یاریزانان ئەنجام نادەن و پێكهاتەكەیان تۆكمەیە و هیچ كێشەیەكیان نییە، ئەگەریش یاریزانێك تووشی پێكان ببێت جێگرەوەی باشیان هەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م