ناوبژیوانی یاریی كلاسیكۆ دیاری كرا

:: AM:09:56:23/10/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا ناوبژیوانی یاریی كلاسیكۆی یەكشەمی داهاتووی نێوان هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدریدی دیاری كرد.

یارییەكە سەعات 6:15ی سەر لە ئێوارە بەكاتی كوردستان لە گەڕی 10ی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بەڕێوە دەچێت.

یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ بەڕێوەبردنی یارییەكە خۆسێ ماریا سانچێزی دیاری كردووە و هەروەها ئەلیخاندرۆ هێرناندێزیشی بۆ چاودێریكردنی تەكنەلۆژیای (VAR) لە دەرەوەی یاریگە دیاری كردووە.

سانچێز لە 23ی كانوونی یەكەمی پارساڵ ناوبژیوانی یاری كلاسیكۆی كردبوو كە تێیدا یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بە 3 گۆڵی خاوێن سەركەوتنی بەدەستهێنابوو.

یانەی بەرشەلۆنە دوای ئەنجامدانی 9 یاریی لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیسپانیا ئێستا بەكۆكردنەوەی 18 خاڵ پێشەنگی یانەكانی گرتووە، یانەی ریال مەدریدیش بە 14 خاڵ لە ریزی حەوتەمی یانەكاندایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م