سەرۆكی چین درێژترین پردی دنیای كردەوە

:: AM:10:09:23/10/2018 ‌

ئەمڕۆ سێشەم سەرۆكی چین درێژترین پردی دنیای كردەوە كە بەشێكی  بەرچاوی بەسەر ئاودا تێدەپەڕێت. درێژیی ئەو پردە 55 كیلۆمەترە و هەریەك لە هۆنگ كۆنگ و ماكائۆ بە نیشتمانی چین گرێ دەدات.

فرانس پرێس دروستكردنی پردەكەی چین بە دروستكردنی تاوەری ئیفڵ بەراورد كردبوو و نووسیبووی، ئەو ئاسنەی لە دروستكردنی پردەكەدا بەكار هاتووە، دەتوانرێ 60 تاوەری ئیفڵی پێ دروست بكرێت.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" هەڵبەت تەواوی مەوداكە پرد نییە و لە هەندێك شوێن بە ژێر دەریادا تێدەپەڕێت. بیرۆكەی دروستكردی ئەم رێ ستراتیجییە بۆ ساڵی 1980 دەگەڕێتەوە.

هۆنگ كۆنگ دوورگەیەكە كە كەوتووەتە باشووری چین و ژمارەی دانیشتووانی حەوت ملیۆن و 230 هەزار كەسە و وەك هەرێمێكی سەربەخۆ بە  بازاڕەكانی دنیا گرێ دراوە. 

هۆنگ كۆنگ لە ساڵی 1842 تا 1997 لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بوو و دواتر بە چین گرێ درا. زمانی چینی و ئینگلیزی لەم شارە زاڵن. هۆنگ كۆنگ 60 كیلۆمەتر لە ماكائۆ دوورە. هۆنگ كۆنگ خۆی لە 60 دوورگە پێكدێت. ماكائۆ لە ژێر سەرپەرشتی پورتوگالدا بوو، بەڵام ئەویش ئێستە بەشێكە لە خاكی چین و ئەو ناوچەیەش دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی هەیە و ژمارەی دانیشتووانی 650 هەزار كەس دەبێت.



وشە - سلێمان تاشان