مۆرینۆ سەبارەت بە دووبارە راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید چی گوتووە؟

:: AM:10:16:23/10/2018 ‌

جۆزێ مۆرینۆی پورتوگالی و راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە دەنگۆكانی دووبارە وەرگرتنەوەی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشكرا كرد.

جولین لۆپیتیگی كە ئەمساڵ دوای زێنەدین زێدانی فڕەنسی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی گرتۆتە دەست، بە دۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت بەهۆی ئەنجامە خراپەكانەوە كە لە 5 یاریی رابردوودا لە خولی ئیسپانیا و خولی پاڵەوانانی ئەوروپا نەیتوانیوە هیچ سەركەوتنێك تۆمار بكات.

ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە كە سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید لە بڕیاری دوورخستنەوەی لۆپیتیگی نزیك بۆتەوە، بۆ پڕكردنەوەی شوێنەكەشی چەند راهێنەرێكی پاڵاوتووە و یەكێك لەوانە جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالییە.

رۆژنامەی (میترۆ)ی ئینگلیزی لێدوانێكی مۆرینۆی لەمبارەیەوە بڵاو كردۆتەوە و تێدا دەڵێت: گەڕانەوەم بۆ راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید، نا ئەمە روو نادات و ئێستا لە یانەی مانچستەر یونایتد دڵخۆشم.

زیاتر گوتی: ئەوەی ئێستا بیری لێ دەكەمەوە تەنیا یانەی مانچستەر یونایتدە و دەمەوێ لەو یانەیە بەردوام بم، دلخۆشم دەبم ئەگەر گرێبەستەكەم لەو یانەیە نوێ بكەمەوە كە لە 2020 كۆتایی دێت، تەنانەت دەمەوێ دوای گرێبەستەكەشم هەر لە مانچستەر یونایتد بمێنمەوە.

مۆرینۆی تەمەن 55 ساڵ لە ماوەی ساڵانی 2010 تا 2013 راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی كردبوو و تا ئێستاش پەیوەندییەكی بەتینی لەگەڵ بەرپرسانی یانەكە ماوە لەسەرووی هەمووشیانەوە فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م