پاتۆ چی بەسەر هاتەوە.. بزانە ئێستا داوای چ دەكات؟

:: AM:10:30:23/10/2018 ‌

ئەلیكساندەر پاتۆی بەڕازیلی ئێستا لە ریزی یانەی تیانگین جوانگیان لە خولی تۆپی پێی چین یاری دەكات، بەڵام ئاواتەخوازە دووبارە هەلێكی تری پێ بدرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە ئەوروپا.

پاتۆ پێشتر لە ریزی یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی و چێڵسی ئینگلیزی یاریی كردووە، دوایین جاریش لە ریزی یانەی ڤیاڕیالی ئیسپانی یاری كرد تا لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی 2017 چووە خولی تۆپی پێی چینەوە.

پاتۆ لەنوێترین چاوپێكەوتندا لەگەڵ ماڵپەڕی (تۆدۆ میركاتۆ)ی ئیسپانی رایگەیاند: ئاواتەخوازم جارێكی تر بگەڕێمەوە ئەوروپا و لە ریزی یانەیەكی گەورە و پڕۆژەیەكی گەورەدا درێژە بە ژیانی وەرزشی بدەم.

بەگوێرەی سەرچاوەكە پاتۆ ئارەزوو دەكات لە ئایندەیەكی نزیكدا بگەڕێتەوە خولی ئیتاڵیا و دووبارە ئاست و تواناكانی لە ریزی یانەیەكی ئەم خولە پێشكەش بكاتەوە.

لەمبارەیەوە رایگەیاند: دڵخۆشم كارلۆ ئەنچیلۆتی دووبارە گەڕاوەتەوە ئیتاڵیا، ئەو راهێنەرێكی نموونەییە و بەیەكەوە لە یانەی میلان كاتێكی خۆشمان بەسەر برد.

ئەنچیلۆتی ئێستا راهێنەری یانەی ناپۆلی ئیتاڵییە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە پاتۆ ئارەزوو دەكات وێستگەی داهاتووی یانەی ناپۆلی بێت.

پاتۆ لەم وەرزەدا تا ئێستا ئاستێكی ناوازەی لە خولی چین پێشكەش كردووە و لە كۆی بەشداریكردنی 29 یاریی یانەی تیانگین جوانگیان لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان توانیویەتی 15 گۆڵ تۆمار بكات و 4 گۆڵی تریش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م