رۆناڵدۆ سەبارەت بە ئەنجامە خراپەكانی ریال مەدرید چی گوتووە؟

:: AM:11:58:23/10/2018 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئەنجامە خراپەكانی یانەكەی پێشووی ریال مەدریدی ئیسپانی لە وەرزی ئەمساڵدا خستەڕوو.

رۆناڵدۆ لە هاوینی ئەمساڵ دوای 9 ساڵ یاریكردن ریزی یانەی ریال مەدریدی جێهێشت و بە بەهای 117 ملیۆن یۆرۆ و بە مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.

رادیۆی (كادینا سێر)ی ئیسپانی لێدوانێكی رۆناڵدۆی گواستەوە سەبارەت بە ئەنجامە خراپەكانی ئەمساڵی ریال مەدرید و رایگەیاند: من بەرپرس نیم قسە لەسەر قەیرانی كەس تر بكەم، بەهیچ شێوەیەك لێدوان لەسەر هیچ یانەیەكی تر نادەم، راستییەكەی من ئەو كەسە گونجاوە نیم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە.

زیاتر گوتی: هەموو كەس مێژووم لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەزانێ، بەڵام ئێستا كاتەكە گونجاو نییە قسەی لەسەر بكەم، چونكە ئەمڕۆ یارییەكی قورس و زەحمەتتمان، بۆیە نامەوێ قسە لەسەر كێشە و قەیرانەكانی ئێستای یانەی ریال مەدرید بكەم.

ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆناڵدۆ ئەمڕۆ سێشەم لەگەڵ یانەی یۆڤێنتۆس لە سێیەم یاریی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبنە مێوانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی.

رۆناڵدۆ هەروەها وەڵامی لێدوانێكی هاوڕێكەی پێشووی ئیسكۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دایەوە كە دوێنێ دووشەم لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەی نێوان ریال مەدرید و ڤیكتۆریا بلزنی چیكی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا سەبارەت بە رۆیشتنی ئەو قسەی كردبوو.

ئیسكۆ رایگەیاندبوو كە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بەهیچ شێوەیەك بۆ یاریزانێك ناگریێن رەتی كردبێتەوە لە یانەكەیان بمێنێتەوە.

لەمبارەیەوە رۆناڵدۆ رایگەیاند: ئیسكۆ قسەیەكی باشی كردووە، باش نییە هیچ كەسێك بگریێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م