پاولینیۆ و ئەلكاسێر.. بەرشەلۆنەیان شەرمەزار كردووە

:: PM:01:13:23/10/2018 ‌

هەردوو یاریزانی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە پاولینیۆی بەڕازیلی و پاكۆ ئەلكاسێری هێرشبەری ئیسپانی، جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆك و ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەكەیان شەرمەزار كردووە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: رۆیشتنی پاولینیۆ و ئەلكاسێر چەندان هەلی تۆماركردنی گۆڵیان لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە لەدەستداوە.

پاولینیۆ و ئەلكاسێر كە هاوینی رابردوو بەشێوەی خواستن یانەی بەرشەلۆنەیان جێهێشت، تا ئێستا لەگەڵ یانە نوێیەكانیان 22 گۆڵیان تۆمار كردووە، بەڕازیلییەكە لەگەڵ یانەی گوانگزهۆی چینی 11 گۆڵی تۆمار كردووە و ئەلكاسێریش لەگەڵ یانەی بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەهەمانشێوە 11 گۆڵی تۆمار كردووە.

رۆیشتنی پاولینیۆ لە ریزی یانەی بەرشەلۆنە خێرا و چاوەڕواننەكراو بوو دوای ئەوەی لە ماوەی یەك وەرزی یاریكردنیدا ئاستێكی باشی لەگەڵ یانەكە پێشكەش كردبوو و جێگەی متمانەی ڤالڤێردی راهێنەر یانە كەتەلۆنییەكە بوو.

پاولینیۆ بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بە خواستن گەڕایەوە ریزی یانەی گوانگزهۆ لەگەڵ ئەگەری كڕینی بۆ وەرزی داهاتوو بەبەهای 50 ملیۆن یۆرۆ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ڤالڤێردی ناڕازی بوو لە رۆیشتنی ئەم ئەستێرە بەڕازیلییە و داوای لە كارگێڕی تیپەكەی كردبوو لە بڕیارەكە پاشگەز ببنەوە.

بەڵام ئەلكاسێر خۆی داوای رۆیشتنی لە یانەی بەرشەلۆنە كردبوو دوای ئەوەی بۆی روون ببووەوە ئەستەمە بتوانێ بەهۆی میسی و سوارێز و كۆتینیو لە پێكاتەی سەرەكی یانەكەكەدا یاری بكات، ئەم هێرشبەرە لە ماوەیەكی كەمدا توانی پێگەی خۆی لە یانەی بڕووسیا دۆرتمۆند بەهێز بكات و لە زۆربەی یارییەكاندا لە پێكهاتەی سەرەكی یاری بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م